ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر: عەلی عەللاق گوتی سپیکردنەوەی دۆلار 90٪ کەمبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی پرسی دینار و دۆلار لە هەولێرە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر دەڵێت، پێیگوتوون، کەمیی خستنەڕووی دۆلار بە کاش، لەپێناو رێگرییە لە بەقاچاخبردنی بۆ دەرەوە. دەشڵێت: "عەلی عەللاق گوتی، هەموو مامەڵە داراییەکان دەکەینە دینار."
 
سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم و جەعفەر موبەشیرنا پێشکێشیانکرد، قسەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی لە کۆنفڕانسی سیاسەتی نەختینەیی و سیستەمی بانکی ئاشکرا کرد، کە کۆنفڕانسەکە بە داخراوەیی دوو رۆژە لە هەولێر بەردەوامە و ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری تێیدا تاوتوێ دەکرێت.
 
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، کە لە کۆنفڕانسەکەدا بەشدار بووە؛ عەلی عەللاق گوتویەتی، بازرگانان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵەکردن دەبێت سیستمی بانکی بەکاربهێنن، تاوەکو بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی جێگیربێت، هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو بانکانە بکەن، کە رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکەن.
 
بازرگانەکان کەمتر بانکە ئەهلییەکان بەکاردەهێنن بۆ حەواڵکردنی پارەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی کڕینی کاڵاکانیان، سیامەند مەولوود لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو بانکانە خێرانین لە حەواڵەکردنی پارە بۆ سەر هەژماری کۆمپانیاکانی دەرەوەی وڵات، کە هەندێک کات 10 رۆژ یاخود زیاتری پێدەچێت، بۆیە بازرگانەکە ناچارە نووسینگە بازرگانییەکانی دراو بەکاربهێنێت کە ئەوان پرۆسەکە لە چەند کاژێکی کەم جێبەجێ دەکەن، ئەمەش وادەکات بازرگانەکان کەمتر روو لە بانکە ئەهلییەکان بکەن.
 
بانکی ناوەندی رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، بەڵام بڕێکی کەمی بە کاش دەفرۆشێت، بازرگانانی دراو دەڵێن ئەمە هۆکاری ناجێگیری بازاڕی دراوە.
 
سیامەند مەولوود، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی، ئەوان خستەڕووی کاشی دۆلاریان کەمکردووەتەوە، ئەمیش لە چوارچێوەی رێکارەکانیان بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە لە رێگەی دەروازەکانەوە، کە بەم هۆیەوە 90٪ـی سپیکردنەوەی پارە کەمبووەتەوە. لەهەوڵیشدان هەموو مامەڵە داراییەکان بکەنە دیناری عێراقی.
 
لە کۆنفڕانسەکەدا نووسینگە بازرگانییەکانی ئاڵوگۆڕی دراو داوایان لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، رۆژانە لە خستنەڕووی دۆلار، ئەوانیش دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندی پێبدرێت.
 
سەردانەکەی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هەولێر لەکاتێکدایە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە، جیاوازیی نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕ نزیکەی 30 هەزار دینارە.