بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی بۆ 10.5٪ کەمدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی لە 12%ـەوە بۆ 10.5٪ کەمکردەوە، دوای راگەیاندنی بڕیارەکە بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا بە رێژەیەکی کەم دابەزی و ئێستا یەک دۆلار بە 18.60 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2022 بە سەرۆکایەتیی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە. بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە 12%ەوە بۆ 10.5٪.
 
بەر لە راگەیاندنی بڕیارەکە، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.59 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرا، دوای راگەیاندنی بڕیارەکە لیرەی تورکی زیاتر بەهای لەدەستدا و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.60 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. 
 
پێشبینی ئابووریناسان ئەوە بوو بانکی ناوەندیی تورکیا لە دەیەم کۆبوونەی ئەمساڵیدا، کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو سوودی بانکی لە 12٪ بۆ 11٪ کەمبکاتەوە.  
 
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا ئەو رێژەیەی 17%ەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیرکرد. 
 
لە 23ی ئەیلوولی 2021 بانکەکە رێژەی سوودی بانکی لە 19%ەوە بۆ 18% کەمکردەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021دا رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ەوە بۆ 15% کەمکرایەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردەوە و تاوەکو کۆبوونەوەی 21ی تەممووزی 2022 بۆ حەوتەم جار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا بە جێگیری هێشتەوە.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 18ی ئابی 2022 لە هەشتەم کۆبوونەوەیدا رێژەی سوودی بانکی لە 14% ـەوە بۆ 13٪ و لە نۆیەم کۆبوونەوەیدا لە رۆژی 22ی ئەیلوول، سوودی بانکی بۆ 12٪ کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشیدا رێژەکەی بۆ 10.5٪ کەمکردەوە.