گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی: نرخی بەنزین دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند: "لە کاژێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆوە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین دادەبەزێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ئێوارەیە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزینی بازرگانی 50 دینار دادەبەزێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە 1350 دینارەوە دەبێتە 1300، موحەسەن لە 1225 دینارەوە دەبێتە 1175 و نۆرماڵیش لە 1025 دینارەوە دەبێتە 975 دینار.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین بەهمەن شێخ قادر گوتی: "ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەنزین دابین دەکات و ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی بازاڕی بەنزینی بازرگانی هەر زۆر کز ببێت، بۆیە نرخەکانمان دابەزاند بۆ ئەوەی جووڵەیەک لە بازاڕدا هەبێت."
 
لەبارەی کوالێتیی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی: "کوالێتیی بەنزینی بازرگانی باشە و ئەوەندەی ئاگادارین بەنزینی 800 دیناری کۆمەڵێک گلەیی لەسەر هەبوو، بەڵام باشبووە و فرۆشی خۆی هەیە."
 
هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 4 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، نیوەی ئەو بڕە لەلایەن پاڵاوگەکانی نێوخۆوە دابیندەکرێت، ئەوی دیکە لە رێگەی هاوردەکردن لە ئێران و تورکیاوە.