ئەمساڵ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە 18% بەرزبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوی کینی، نرخی پارچە و کەرەستەکانی ئۆتۆمبێلی بەرزکردووەتەوە. مایکڵ گاچیێ، بەڕێوەبەری کڕینە لە کۆمپانیای شاماس و دەڵێت، "جار هەیە لە ماوەی شەش مانگ بۆ 12 مانگدا نرخی پارچەکان 10% بۆ 25% بەرز دەبنەوە. زۆرینەی کڕیارەکانیشمان ناڕەزایەتیی زۆریان هەیە." 
 
هەمان دۆخ لە باکووری کوردستان و تورکیاش دەبیندرێت. جەلال کالێلی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئیستەنبووڵە و جلوبەرگ و جانتای منداڵان دەفرۆشێت و وەک دەڵێت، دابەزینی بەهای لیرە کێشەی بۆ دروستکردووە. جەلال کالێلی دەشڵێت، "ئێمە کاڵاکان بە دۆلار دەکڕین و هەر بە دۆلار پارەی دروستکردنی جانتا دەدەین، بەڵام بە لیرە دەیانفرۆشینەوە، ئەوەش زەحمەتی بۆ دروستکردووین." 
 
دۆخەکە لە شاری نیودەلهیی پایتەختی هیندستانیش هاوشێوەیە؛ لە مانگی ئابدا هیندستان تەنیا 400 کۆنتێنەر بادامی هاوردەکردووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 1250 کۆنتێنەری هاوردەکردبوو.
 
هەموو ئەوانە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوەیە. بەپێی پێنوێنی دۆلاری ئای سی ئی، ئەمساڵ بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە 18% بەرزبووەتەوە؛ دۆلار بەرامبەر رووپیی هیندی بە رێژەی 9%، بەرامبەر شڵنگی کینی بە رێژەی 6%، بەرامبەر جونەی میسری 20% و لیرەی تورکیش 28% بەرزبووەتەوە. 
 
ئەوەش چەند کاریگەرییەک لەسەر وڵاتان دادەنێت. گرانبوونی کاڵای هاوردە ئەو کۆمپانیا و حکومەتانەی بە دۆلار قەرزیان کردووە، لە کاتی دانەوەیدا دراوی زیاتری نێوخۆیان دەڕوات و بانکە ناوەندییەکان ناچاردەکات نرخی سوودی بانکی زیاد بکەن.
 
ئەوەی دۆخەکەشی خراپتر کردووە، هەڵاوسانە. مۆنمۆهان سۆدی، لێکۆڵەرێکە و دەڵێت، "هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە هەڵاوسانیشەوە هەیە، نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو پێشبینییەکانی هەڵاوسانیش. بۆ نموونە، ئەگەر هەمبەرگر بفرۆشم، دەبێت نرخی چەندی لەسەر دابنێم؟" 
 
بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەهۆی هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنیا ئەمساڵ 5 جار نرخی سوودی بانکی زیادکردووە.