نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 95 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی نرخی نەوت رۆژی سێشەممە گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-09-2023 لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە، نرخی نەوت دابەزی.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر لە 1 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 94 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 28 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی سێشەممە 19-09-2023 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 96 دۆلار، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 94 دۆلاری تێپەڕاند.
 
دوای ئەوەی نرخی نەوتی برێنت 95 دۆلاری تێپەڕاند، بانکی UBS رایگەیاند دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی قازانج لەسەر ئەو مامەڵە نەوتییانەی کە کردوویەتی.
 
سەرەڕای ئەوەش بانکەکە پێشبینی دەکات نرخی نەوتی برێنت لە چەند مانگی داهاتوودا لە نێوان 95 دۆلار بۆ 100 دۆلار بێت.
 
سعودیە و رووسیا پێکەوە درێژەیان داوە بە کەمکردنەوەی خستنەڕوو، رۆژانە نزیکەی 1.3 ملیۆن بەرمیل لە بازاڕ کەمتر دەخەنەڕوو و ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
 
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە رۆژی سێشەممە 19-09-2023 ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس هۆکاربێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.
 
بن سەلمان رایگەیاند کە ئەگەری کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە لە ئارادا هەیە و بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لە ئەمریکا و ئەوروپا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1930 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
ئەمڕۆ چوارشەممە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1930 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە رۆژی رابردوو گۆڕانکاییەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە. 
 
بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن کە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و بڕیارە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەمشەو کاژێر 9:00ـی شەو رابگەیێندرێت.
 
لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممەوە دەستی بە کۆبوونەوەی دوو رۆژەی خۆی کردووە و ئەمشەو بڕیار لەسەر سوودی بانکیی دەدات.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندی، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە کاژێر 9:30ـی ئەمشەو بەکاتی هەولێر گوتارێک پێشکێش دەکات و هۆکارەکانی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی لەسەر سوودی بانکیی رووندەکاتەوە.
 
پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بانکی ناوەندی کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕی زێڕ و بازاڕەکانی دیکە، وەک نەوت و بۆرسەکان بەجێبهێڵێت، بەوپێیەی دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوو روونبکاتەوە.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ماوەی 18 مانگی رابردوو 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە ئێستا سوودی بانکیی نزیکەی 5.5٪ یە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 95 دۆلار بازرگانانی نیگەران کردووە کە بانکی ناوەندی ئەمشەویش سوودی بانکیی بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەو هەڵاوسانەی کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی لە ئابووریدا دروستیدەکات.
 
تاوەکو بەرزبوونەوەکانی ئەم چەند هەفتەیەی رابردووی نرخی نەوت، بەزۆری پێشبینی دەکرا، ئەمجارە بانکی ناوەندیی ئەمریکا گۆڕانکاری لە سوودی بانکیی نەکات.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی لێدەکەوێتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان.