رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک دەڵێت، کۆمپانیای ستارلینک داوا دەکات لە گەمارۆکانی سەر ئێران ببەخشرێت تاوەکو لە رێگەی سەتەلایتەکانی ستارلینکەوە بتوانێت ئینتەرنێت بۆ دانیشتووانی ئێران دابین بکات.
ئیلۆن مەسک لە تویتەر پۆستێکی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە ئێستا ستارلینک لە هەموو کیشوەرەکان چالاکە. یەکێک لە فانەکانی پرسیاری لێکردووە دەکرێت ستارلینک بۆ خەڵکی ئێران دابین بکات؟ ئەویش لە وەڵامدا نووسیویەتی، "ستارلینک داوای لێخۆشبوون لە گەمارۆکانی سەر ئێران دەکات بۆ ئەو مەبەستە."
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و دامەزرێنەری سپەیس ئێکسە، ئێستا دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە و سەرمایەکەی بەپێی فۆربیس، زیاتر لە 277 ملیار دۆلارە.
مەسک لە کاتێکدا ئەو داواکارییەی لە هەژماری تویتەری خۆیدا نووسیوە، بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران خۆپێشاندانی تووند بەڕێوەدەچێت کە بەپێی دوایین زانیارییەکان، پێنج کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 80 کەسیش بریندارن.
بەپێی ماڵپەری (نێت بلۆکس) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی ئینتەرنێت لە وڵاتاندا، لە ئێران دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تووندی سنووردارکراوە.
نێت بلۆکس دەڵێت، لە شارە کوردنشینەکان ئینتەرنێت بە زۆری پچڕاوە.
داواکردنی لێخۆشبوون لە سزاکان پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە کارکردن لە ئێران بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان سزای تووندی لەسەرە لە چوارچێوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ