نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە نزیکەی دوو هەزار و 530 دۆلار.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 25 دۆلاری دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 529 دۆلار. ئەمە بەرزترین نرخی زێڕە تۆمارکرابێت. 
 
رۆژی شەممە 17ی ئەم مانگە نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕدا گەیشتە دوو هەزار و 508 دۆلار کە تاوەکو ئەو کاتە بەرزترین بوو.
 
تەنیا ئەم ساڵ، ئەمە شەشەمین جارە زێڕ دەگاتە بەرزترین ئاستی مێژوو.
 
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بەرزبووەوە، بە جۆرێک هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 525 هەزار دیناری بەیانییەوە گەیشتە 530 هەزار دینار لەم ئێوارەدا. ئەمەش بە هەمان شێوەی ئۆنسە، بەرزترین ئاستی نرخی مسقاڵی زێڕە لە مێژوودا. 
 
بە گوێرەی سەندیکای زێڕینگران، ئێستا نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=605,000
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=555,000
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=530,000
- مسقاڵێک زێڕعەیار 18=455,000
 
هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکییە لە مانگی داهاتوودا لەلایەن ئەمریکاوە. ئەمە هاوکات لەگەڵ کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
سابرین چۆدهوری، سەرۆکی بەشی شیکاریی کاڵاکان لە دامەزراوەی بی ئێم ئای ئەمریکی دەڵێت، "ئەگەر مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود کەمبکاتەوە، دەکرێت نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە دوو هەزار و 700 دۆلار".
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوود تێچووی کڕینی زێڕ کەم دەکاتەوە، چونکە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار.
 
سەرنجی بازرگانان لەسەر رۆژی هەینی ئەم هەفتەیەیە کە سیمپۆزیسیۆمی جاکسن هۆڵ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و تێیدا جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکانی جیهان و سەرکردەکانی وڵاتانی G20 بەشدار دەبن. 
 
کاژێر 17:00ـی ئەو رۆژە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش دەکات و هەر ئاماژەیەک بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر بەرزبکاتەوە، بەپێچەوانەوەش هەر راستە.