بۆچی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار؟

20-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مووچەى خانەنشینان بە زیادکردنەوە لەلایەن بەغداوە بۆ مانگى تەممووز "نانێردرێت" کە 54 ملیار دینارى بۆ پشکى هەرێمى کوردستان زیاد کردووە، بە گوتەى ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لیژنەیەک وردبینى لەو لیستە دەکات و راسپاردە لە بارەیەوە ئامادە دەکات.
 
لە 19ـى ئابەوە بەغدا دەستى کردووە بە دەرکردنى بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى تەممووزى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، بە گوتەى سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە  دیارنییە زیادەى پارەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان دەنێردرێت.
 
پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لە بەغداوە دەدرێت زیاتر لە 950 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیەى کە لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى تەممووز نێردراوە، 54 ملیار دیناری لە مانگەکانی پێشوو زیاترە، واتە کۆی پارەکە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە. زیادەکەش جیاوازى مووچەى خانەنشینانە دوای ناردنی لیستی مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بۆ مانگى تەممووز جیاوازى مووچەى خانەنشینان خەرج ناکرێت لەبەر ئەوەى وردبینى لە لیستەکە کۆتایی نەهاتووە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازیی هەن؛ کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، بەڵام  لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.
 
هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کە لەگەڵ یاسای خانەنشینى عێراق بگونجێندرێت، 23ى ئایار لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهات بۆ ئەو هاوتاکردنە، بەڵام دواترگۆڕانکارى تێدا کرا. 
 
سۆران عومەر گوتی: "21ى تەممووز گۆڕانکارى لەو لیژنەیەدا کراوە و لایەنى پەیوەندارى دیکەی بۆ زیادکراوە کە بەتێکرا 9 شوێنن، بەڵام ئەنجامەکەى دیار نییە. کارى لیژنەکە وردبینییە لە لیستى خانەنشینان لەگەڵ یەکلاکردنەوەى چارەنووسی سندووقى خانەنشینى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوانەش راسپاردە بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەرزدەکەنەوە."
 
رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی هەموارکراوی عێراق.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە