رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق رەتیدەکاتەوە حکومەتی عێراق کێشەی "نەبوونی" پارەی نەختینەی هەبێت.
رۆژی سێشەممە، 20ـی ئابی 2024، عەممار خەلەف، جێگری بەڕێوەبەری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بانکی ناوەندی دەیان ترلیۆن دینار نەختینەی لەبەردەستە. هەر بابەتێک بە نەبوونی پارەی نەختینەوە ببەسترێتەوە دوورە لە راستییەوە".
عەممار خەلەف گوتیشی، "هەر قسەیەک لە وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە نەبوونی پارەی نەختینە دەکرێت پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە و روونکردنەوەی لەسەر خۆیانە".
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "کێشەى مووچە کێشەیەکى پەیوەندیدارە بە هەموو پارێزگاکان و حکومەتى فیدراڵییەوە. کێشەى کەمیى پارەى نەختینە لە عێراقدا هەیە و لەوبارەیەوە لەگەڵ پارێزگارى بانکى ناوەندیى، وەزیرى دارایی و وەزیرى نەوت کۆبووینەتەوە و بۆچوونیان خستەڕوو. پێم وایە ئەو کێشەیە بۆ مانگى داهاتوو دووبارە نابێتەوە و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر".
ئەمڕۆ 20ـی ئابە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموزی 2024ـیان وەرنەگرتووە.
رۆژی 19ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی ملیارێک و 426 ملیۆن و 915 هەزار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی 7 دا، لەکاتێکدا بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچە زیاتر لە 900 ملیار دینار پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ