رووداو دیجیتاڵ
لێبڕینی مووچە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق هاوتا دەکرێت و بەمەش لێبڕینەکە دەکرێتە 10%.
لە 22ـى حوزەیرانەوە فەرمانى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ مووچەى خانەنشینانى عێراق درا. 60 رۆژ بۆ هاوتاکردنەکە دیاریکرا. بەڵام گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لیژنەکە دوای پشووەکانی چلەی ئیمام حوسین دەستبەکار دەبێت."
سێشەممە، 20-08-2024، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان بە رووداوی گوت: "هەرچەندە لە مانگی حوزەیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکە درا، بەڵام تاوەکو ئێستا بە کردەیی دەستبەکار نەبووە و رەنگە لە دوای پشووەکانی چلەی ئیمام حوسێن دەستبەکار ببێت."
سادق عوسمان گوتی: "ئەستەمە مووچەی مانگی تەممووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بە هاوتاکراوی دابەش بکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق دەبێت، واتە 10%ـی مووچەکەیان بۆ خانەنشینی دەبڕدرێت.
دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنە هاوبەشەکە، راپۆرتێک دەدەنە حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردن و گشتاندنی.
23ـی تشرینی دووەمی 2022 دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازیی هەن؛ کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، بەڵام لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.
خانەنشینی ئەوانەی لە ژیاندا ماون
بەپێی ئەو یاسایە، ئەو مووچەخۆرانەی پێش 2014 خانەنشین بوون، مووچەکەیان دەبێتە 500 هەزار دینار، لەکاتێکدا پێشتر کەمترین مووچەیان لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو. ئەوانەی دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون، بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیشیان بۆ هەژمار دەکرێت و مووچەیان سەرووی 500 هەزار دینار دەبێت.
ئەوانەی مووچەی خانەنشینییان لە یەک ملیۆن دینار کەمتر بووە، 100 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەکەیان.
هەروەها بڕی 100 هەزار دیناری دیکە بە سەرجەم خانەنشینان بەناوی (خەرجی بژێوی) دەدرێت، بەڵام ئەم بڕە جێگیر نییە و ئەگەری بڕینی هەیە.
خانەنشینی ئەوانەی لە ژیاندا نەماون
هەر خانەنشینێکی کۆچکردوو، ئەگەر یەک وارسی هەبێت، بڕی 220 هەزار دیناری پێدەدرێت. ئەگەر دوو وارسی هەبێت، 360 هەزار دیناریان پێدەدرێت. ئەوەشی سێ وارسی هەبێت، 500 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
پێدانی خەرجی بژێوی ئەمانەش دەگرێتەوە کە 100 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ