کشتوکاڵی ئاکرێ: ئەمساڵ بەرهەمی هەنجیرمان دەگاتە 10 هەزار تۆن

20-08-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن هەنجیری ئاکرێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ رایگەیاند، خواستێکی زۆر لەسەر هەنجیری ئاکرێ هەیە و هەناردەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، پێشبینیش دەکرێت، بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیری ئاکرێ بگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن.
 
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20ـی ئابی 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنوورەکەیاندا زیاتر لە 250 هەزار داری هەنجیر هەن. گوتیشی، "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەرهەمی هەنجیرمان کەمێک دواکەوتووە، بەڵام لە بازاڕدا هەیە."
 
هەرچەند لە بازاڕەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا کیلۆیەک هەنجیر لە هەزار دینارەوە بۆ سێ هەزار دینارە، بەڵام هەنجیری ئاکرێ جیایە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "ئێستا هەنجیری ئاکرێ بەگوێرەی جۆرەکەی، کیلۆیەکی لە بازاڕدا لەنێوان 5 بۆ 7 هەزار دینارە، بەڵام سەرەتای پێگەیشتنی، یەک کیلۆی بە 15 هەزار دینار بوو."
 
بەهۆی نێوبانگەکەیەوە، هەنجیری ئاکرێ لە هەموو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا خواستی لەسەرە و لە رێگەی عەلوەی قەزاکەوە، دەبرێتە شارەکانی دیکە؛ فازڵ مستەفا گوتی، جگە لە هەرێمی کوردستان، گەشتیارێکی زۆر بەتایبەت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دەچنە ئاکرێ و داوای هەنجیری شارەکە دەکەن.
 
فازڵ مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە 9 بۆ 10 هەزار تۆن بەرهەمی زیاتر لە 250 هەزار داری هەنجیری ئاکرێن، بەجۆرێک هەر دارێکی 35 بۆ 40 کیلۆ بەرهەمی هەیە.
 
فازڵ مستەفا گوتیشی، ئەمساڵ پێگەیشتنی هەنجیر کەمێک دواکەوتووە، هۆکارەکەشی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندەوە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "هەرچەند دواشکەوتبێ، بەڵام هەر پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ 9 بۆ 10 هەزار تۆن بێت".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە