خالید شوانی: داهاتی عێراق زیادبکات زیاتر لە 320 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە هاوکاربوون بۆ لێکنزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەشێکە لە بەرهەمی لایەنی ئەرێنی ئەو وڵاتانە و هەروەها ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵی ناوبژیوانی بینیوە لە رێککەوتنەکەدا.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "رۆڵی ئەمریکا و بەریتانیا و هەروەها نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەرێنی بوون لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا و بەشێک بوون لە نزیککردنەوەی هەردوولایەن بۆ گەیشتنە رێککەوتن".
هەندێکجار هەردوو لایەنی بەغدا و هەولێر یەکدییان تۆمەتباردەکرد بە داواکاریی نادەستووری، بەڵام خالید شوانی دەڵێت: "دەستوور سەنگی مەحەکی نێوان هەولێر و بەغدایە و داواکاریی نادەستووری چ لەلایەن هەولێرەوە بێت یان بەغدا رەتدەکرێتەوە".
دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و دانوستاندن، دواجار بەغدا رازیبوو بە ناردنی 320 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەو بارەوە دەڵێت:" رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگە، واتە حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی 320 ملیار دینار مانگانە، ئەگەر داهاتی عێراق زیادبکات، ئەوا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش لە 320 ملیار دینار زیاتردەبێت".
دەشڵێت: رێککەوتنی سێ مانگەی نێوان هەولێر و بەغدا قابیلی درێژکردنەوەیە و رێککەوتنەکە لە بودجەی 2021ی عێراق رەنگە بە شێوازێکی دیکە بێت".
نەبوونی ئامارێکی فەرمی و نوێ لەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەر کابینەیەک بە هەڵسەنگاندنی خۆی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دیاریبکات و بەو پێیە بودجەکەشی دەستنیشان بکات، لە سەرەتادا 17٪ بوو، دواتر کەمکرایەوە بۆ 12٪، کابینەی نوێش پێیوایە رێژەی ئێستا 12.6٪ ، خالید شوانی لەو بارەیەوە دەڵێت:" تێڕوانینی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسییە و هیچ بەڵگە و ئامارێکی فەرمییان نییە".
ئێستا حکومەتی کازمی سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ـە و دوای تەواوکردنی رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، کورد ترسی هەیە لە رێگریکردن لە دەستنیشانکردنی بڕە بودجەکەی لەلایەن هەندێ هێزی شیعەی نێو پەرلەمان ، خالید شوانی پێیوایە، "رێککەوتن لەگەڵ حکومەت ئاسانترە لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە پەرلەمان، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرەکانی لە بەغدا کارێکی جددی بۆبکەن و بتوانن بە ئاسانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکەدا دەستنیشان بکەن و لە پەرلەمانیش تێیبپەڕێنن".
خالید شوانی رۆڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران لە نزیکبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا بەرز هەڵسەنگاند و گوتی" کازمی رۆڵی ئەرێنی هەبوو لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و تەنانەت سەرۆکوەزیران بوو، بەڵام لایەنگری هیچ لایەک نەبوو، بەڵکو رۆڵی ناوبژیوانی بینی لە رێککەوتنەکە".