نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2400 دۆلار دابەزی

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی نرخی زێڕ 1.5%ـی بەهای خۆی لەدەستدا، یەک ئۆنسەی لە 2447 دۆلارەوە دابەزی بۆ 2400 دۆلار.
 
نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و رۆژی چوارشەممە بۆ چەند کاژێرێک بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 2480 دۆلار، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا و لە رۆژی هەینیدا کۆی قازانجەکانی ئەو هەفتەیە لەدەستدا.
 
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 1% دابەزیوە.
 
ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا و نرخەکانی کۆفرۆشی لەو وڵاتە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار. چونکە هەر گۆڕانکاری لە بەهای زێڕ کاریگەری لەسەر نرخی دۆلاریش دەبێت.
 
رۆژی هەینی پێنوێنیی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، بەڕێژەی 0.18% بەرزبووەوە بە 104.34 مامەڵەی پێوەکرا.
 
سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش بەرزبووەوە بۆ 4.23%.
 
ئەگەری بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سستبوونەوەی گەشەی ئابووری چین خواستی بۆ کڕینی دۆلار بەرزکردووەتەوە.
 
کریستییەن بۆرجۆن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوانەی زێڕیان بە هەرزان کڕیوە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانج، فرۆشتویانە."
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، ئەگەر ئەم هەفتەیە فرۆشیاران کۆنترۆڵی بازاڕ بەدەستەوە بگرن، نرخی زێڕ ئەگەری هەیە تاوەکو 2312 دۆلاریش دابەزێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە