سندووقی نەختی نێودەوڵەتی: شەڕی ئۆکراینا بەهای دۆلاری گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نەختی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە 20 ساڵی رابردوودا وڵاتانی تازەپێگەیشتوو زۆرترین کاریگەریی بەرزبوونەوەی دۆلاریان لەسەر بووە، کە بووەتە هۆی چوونە دەرەوەی سەرمایە، بەرزبوونەوەی نرخی هاوردەکردن و خراپتربوونی دۆخی دارایی.
لە نوێترین راپۆرتیدا کە رۆژی چوارشەممە 19-07-2023 بڵاویکردووەتەوە، سندووقی نەختی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەسەر ئاستی جیهان کاریگەریی زیاتری لەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەبووە وەکو لەو وڵاتانەی بچووکترن، بەڵام ئابوورییەکەیان گەورەترە، چونکە ئاڵوگۆڕی دراو لەو وڵاتانەدا زیاتر گونجاوترە.
سندووقی نەختی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەر بەرزبوونەوەیەکی 10%ی بەهای دۆلار لە بازاڕە داراییەکانی جیهان، گەشەی ئابووریی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دوای ساڵێک بە رێژەی 1.9% پاشەکشە دەکات و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی بۆ 2.5 ساڵ بەردەوام بێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، کاریگەرییەکە لەسەر وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر کەمترە و لە خراپترین دۆخدا دوای سێ مانگ، گەشەی ئابووری بە رێژەی 0.6% کەم دەکاتەوە و کاریگەرییەکەشی لە ماوەی ساڵێکدا نامێنێت.
سندووقی نەختی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە، ساڵی 2022 نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار 8.3% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە دوو دەیەی رابردوو.
لەبارەی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکەی جیهانیش سندووقی نەختی نێودەوڵەتی دەڵێت، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا هۆکارە، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخ و هەڵاوسان لە وڵاتانی جیهان، ئەوەش بانکە ناوەندییەکانی ناچار کرد سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.