هیندستان هەناردەی برنجی سپی قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

هیندستان هەناردەی برنجی سپیی قەدەخەکرد و بڕیارەکەش دەستبەجێ جێبەجێ کرا. سەرۆکی هەناردەکارانی برنجی وڵاتەکەش دەڵێت، کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت، وەک کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا لەسەر گەنم.
 
حکومەتی هیندستان پێشتر رایگەیاندبوو کە بیر لە قەدەخەی بەشێک لە بەرهەمی برنجەکەی دەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی برنج لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا لە یەک مانگدا 3٪ بەرزبووەتەوە، هۆکاری سەرەکیش بارانبارینی زۆرە بۆ سەر ئەو بەرهەمە.
 
هیندستان زیاتر لە 40٪ـی بەرهەمی برنجی جیهان هەناردە دەکات، بەڵام کەمیی برنج لە کۆگەکانی جیهان وادەکات هەر کەمکردنەوەیەکی هەناردەی برنج کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی خۆراک هەبێت.
 
حکومەتی هیندستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەردەستبوونی گونجاوی برنجی سپی جگە لە جۆری بەسمەتی لە بازاڕی هیندستان و کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆدا، حکومەتی هیندستان سیاسەتی هەناردەی هەموارکردووەتەوە".
 
حکومەتی هیندستان باس لەوەشدەکات، لە 12 مانگی رابردوودا، نرخی برنج لە بازاڕی کۆفرۆشی وڵاتەکەدا 11.5٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەم هەنگاوە هەستیاری حکومەتی نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان نیشان دەدات بەرامبەر بە هەڵاوسانی خۆراک پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتە.
 
ئەو هەنگاوەی حکومەتی هیندستان لەکاتێکدایە، لە ئەیلوولی ساڵی 2022ـدا و هیندستان هەناردەی گەنمی قەدەخەکرد. سەرەتای ئەمساڵیش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی قامیشی شەکرەوە، هەناردەی شەکریشی قەدەخەکرد.
 
بی ڤی کریشنا راو، سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی برنج لە هیندستان دەڵێت، زۆر خێراتر لەوەی هێرشی رووسیا بازاڕی گەنمی شێواند، هیندستان بازاڕی برنج لە جیهاندا دەشێوێنێت".
 
راو دەشڵێت، قەدەخەی لەناکاوی هەناردەی برنج زۆر ئازاربەخش دەبێت بۆ ئەو کڕیارانەی کە ناتوانن سەرچاوەی جێگرەوەی برنجی هیندستان بدۆزنەوە.
 
برنج خۆراکی سەرەکیی زیاتر لە سێ ملیار کەسە لە جیهاندا و نزیکەی 90٪ـی لە کیشوەری ئاسیا بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام شەپۆلی گەرمای نینۆ کاریگەریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان داناوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە نرخی فەردەیەکی 45 کیلۆیی برنج ئەمساڵ لە بۆرسەی جیهانی ماددە خۆراکییەکان، بە رێژەی 20٪ بەرزبووەوەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی 18 دۆلار.