کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن سێو بەرهەم دەهێندرێت
رووداو - هەولێر
سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ پێشبینی دەکات، ئەمساڵ لەو پارێزگایەدا یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن سێو بەرهەم بهێندرێت.
ئەکبەر کەرامەتی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و گەرماوە، نزیکەی 20٪، واتە 240 هەزار تۆن لە بەرهەمی سێوی ئەو پارێزگایە کەڵکی خواردنی نایەت و بە کارخانەکانی بەرهەمهێنەری ئالیک دەدرێت.
بەگوتەی ئەکبەر کەرامەت، بەرهەمی سێو سەرچاوەی داهاتی زیاتر لە 60 هەزار بنەماڵەی پارێزگای ورمێیە و ژمارەیەکی زۆر هەلیکار دەڕەخسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی بازاڕی فرۆشی، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی بەرهەمی سێوی ورمێ، کە هەموو ساڵێک کێشەی بۆ جووتیاران دروست کردووە.
پار لە پارێزگای ورمێ یەک ملیۆن و 270 هەزار تۆن سێو بەرهەم هاتووە و 550 هەزار تۆنی بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە کراوە.
بەشێک لە بەرهەمی سێوی پارێزگای ورمێ، کە باوەرێنی پێدەگوترێ، لەبەر ئەوەی کە کارگە بگۆڕەکان نەیاندەکڕییەوە، خراپ دەبوو و بەوهۆیەوە جووتیاران زیانیان کردووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەشڵێت، 83 ناوەندی فرۆشتن بۆ سێوی باوەرێن دروستکراوە و رەنگە ژمارەی ئەو ناوەندانە زیاتریش بن.