كۆمپانیای نێودەوڵەتی ABB بۆ پەرەپێدانی كارەبای هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی واژوو كرد
كۆمپانیای نێودەوڵەتی ABB ، گرێبەستێكی ٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ زیادكردنی بەرهەمی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمپانیای زاگرۆس ئێنێرجی مۆركرد .
بە پێی ئەو گرێبەستە كە لە چارەكی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ دەچێتە بواری جێبەجێكردن، كۆمپانیای ABB ، ٤ ژێروێستگەی نوێ بە سیستەمی پێشكەوتووەی GIS لە هەرێمی كوردستان دادەمەرزێنێت و چاوەڕوان دەكرێ ببێتە هۆكاری باشتربوونی كەرتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەو گرێبەستە كە بڕیارە ساڵی ٢٠١٤ تەواو بكرێت، هاوكات پاش دامەزراندنی ئەو ژێرویستگانە، بڕی 600 میگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكات.
ئەو گرێبەستە دەبێتە دووەم گرێبەستی كۆمپانیای ناوبراو كە لەم مانگەدا لە عێراق واژووی كردووە. لە سەرەتای ئەم مانگەشدا كۆمپانیای ABB، گرێبەستێكی لە گەڵ كۆمپانیای LS بۆ دامەزراندنی ٧ ژێروێستگە لە ناوەراست و باشووری عێراق واژوو كرد.
كۆمپانیای ABB، كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییەو نووسینگەی سەرەكی لە زوریخە و یەكێك لە كۆمپانیا پێشهەنگەكانە لەسەر ئاستی جیهان بۆ دابینكردنی تەكنۆلۆجیای پێویست بۆ وزەی كارەبا.