هەرێمی كوردستان دەبێتە جێگای بایەخی بانكی سیتی گرووپ

روودا‌و- ئاژانسەكان

هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای ئەفریقا دەبنە جێگەی بایەخدانی تیمی راوێژكارانی نەوت و وزە لە بانكی بەناوبانگی سیتی گرووپ.

بانكی سیتی گرووپ رایگەیاندووە، هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەبواری وزەدا گەشەی كردووەو ژێرخانی سەرمایەگوزاریی بۆ هەناردەكردنی نەوت بەرەوپێشەوە دەڕوات.

بانكی ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، چاوەروانن كۆمپانیای گەنەل ئێنرجی سیاسەتی دارایی خۆی رابگەیەنێت لە بواری غازی سرووشتیدا و چاوەڕوان دەكرێ پشكەكانی لە كێڵگەی غازی میران باش بفرۆشرێت و هەروەها پەرەپێدانی كێڵگەی بیناباوی خێرایی بە خۆیەوە ببینێت.

بانكی سیتی گرووپ یەكێك لە بانكە گەورەكانی جیهانە، كە مانگی رابردوو هاتووەتە ناو بازاڕی عێراق و بڕیارە لقەكانی لە بەغدا و هەولێر و بەسرە بكاتەوە.
بانكی سیتی گرووپ بەنیازە لە پرۆژەكانی نەوت و غازی عێراقدا چالاك بێ لە رێگای دابینكردنی سەرمایە و سەرچاوەی گونجاوی دارایی بۆ پرۆژەكانی وزە.