بودجەی تورکیا بۆ یەکەمجار دوای پێنج مانگ کورتهێنانی نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا گەورەترین سەرڕێژیی بودجەی مانگانەی لە مێژوودا تۆمارکرد.
حکومەتی تورکیا دەستی بە چاکسازی دارایی کردووە بۆ تەواوکردنی سیاسەتە نەختینەییەکان کە ئامانج لێیان دابەزاندنی هەڵاوسانە.
وەزارەتی دارایی و گەنجینەی تورکیا بڵاویکردەوە، بودجەی حکومەتی وڵاتەکە لە مانگی ئایاردا 219 ملیار لیرە (6.7 ملیار دۆلار) سەرڕێژیی تۆمارکردووە. ئەمەش زۆرترین سەرڕێژییە تاوەکو ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە تۆمارکرابێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێنج مانگی لەسەریەک بوو بودجەی حکومەتی تورکیا پاشەکشەی تۆماردەکرد.
حکومەتی تورکیا سیاسەتی نەختینەیی تووندکردووە؛ لە دوو کۆبوونەوەی رابردوویشدا بانکی ناوەندی، رێژەی سوودی 50٪ هێشتووەتەوە.
هەروەها حکومەتی تورکیا مانگی رابردوو کۆمەڵێک رێوشوێنی راگەیاند کە بریتین لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کۆمەڵێک پلانی نوێی بەرفراوان، وەک سەپاندنی کەمترین باج بەسەر کۆمپانیاکان.
ئێستا پێشنیازەکە لە پەرلەمانی تورکیایە. ئامانج لێی ئەوەیە ساڵانە 7 ملیار دۆلاری زیاتر بخاتە سەر گەنجینەی حکومەت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانەکانی لە پەرلەمانی تورکیا زۆرینەن، پێشبینی دەکرێت رێوشوێنەکان پەسندبکرێن.
لەکاتێکدا داتاکانی ئەمڕۆ لەبارەی مانگی ئایار پێشکەوتنێکی بەرچاو پیشان دەدەن، لەسەر ئاستی ساڵانە بودجەی تورکیا کورتهێنانێکی گەورەی تۆمارکردووە و نزیکیشە لەوەی یەکێک لە گەورەترین کورتهێنانەکان لە دوو دەیەی رابردوودا تۆماربکات.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بودجەی تورکیا 472 ملیار لیرە کورتهێنانی هەبووە کە دەکاتە 14.36 ملیار دۆلار.
حکومەتی تورکیا پێشبینی دەکات ئەم ساڵ کورتهێنانی بودجەکەی بگاتە زیاد لە 82 ملیار دۆلار. ئەم بڕە دەکاتە 6.4٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی تورکیا.