رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، هەروەها هەر ئۆنسە زێڕ لە نزیکەی 1950 دۆلار مامەڵەی پێکرا و نرخەکەی بەزۆری بە جێگیری مایەوە.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەگەری کەمبوونەوەی خواستی چین لەسەر نەوتی خاو دەگەڕێتەوە.
بانکی ناوەندی چین رێژەی سوودی بانکی دابەزاند، بەڵام رێژەکەی کەمتر بوو لەوەی پێشبینی کرابوو.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-6-2023) نرخی نەوتی برێنت 19 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 90 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بانکی ناوەندی چین بۆ هاندانی ئابووریی وڵاتەکەی، سوودی بانکی 10 خاڵ دابەزاند، بەڵام هەڵوێستی بانکی ناوەندی چین لە دابەزاندنی سوودی بانکی کەمتر بوو لە ئاستی چاوەڕوانییەکان.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (CMC Market) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە دابەزاندی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی چینەوە پێشبینیکراوبوو، بەڵام نەیتوانی روانگەی بازرگانان لە بازاڕی نەوتدا بگۆڕێت".
تینا تێنگ دەڵێت، بازرگانانی نەوت پێویستیان بەوەیە ببینن ئابووریی چین بووژانەوەیەکی راستەقینە بەخۆیەوە دەبینێت "بۆ ئەوەی دواجار بگەینە ئەو بڕوایەی؛ خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو، بەرزدەبێتەوە".
رۆژی دووشەممە هەروەها دوو بەرپرسی بانکی ناوەندی ئەمریکا رایانگەیاند پێویستە سوودی بانکی زیاتر بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی دواجار هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکرێت. هەموو ئەو هۆکارانەش خواستی بەکارهێنانی نەوتی خاویان لەسەر ئاستی جیهاندا کەمکردووەتەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1950 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1950 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و، نرخەکەی بەزۆری بە جێگیری مایەوە.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بەرچاوڕوونیی زیاتر لەسەر ئابووریی ئەمریکا دەکەن، بەوپێیەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیارە سبەی لەبەردەم کۆنگریسی ئەو وڵاتەدا ئامادەبێت و لەسەر بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکەی روونکردنەوە بدات.
نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لەژێر گوشاردایە، ئەمەش لەدوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا رایگەیاند؛ بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، دوو جاری دیکە سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە.
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سوودی بانکی لە ئەمریکا و رەوشی ئابووریی ئەمریکا باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕی زێڕ، لەبەرئەوە نرخی زێڕ رۆژانە لە بازنەیەکی سنوورداردا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
نرخی زێڕ لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەنێوان 1925 دۆلار تاوەکو کەمتر لە 2000 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە و هێشتا بازاڕ ئاراستەی خۆی بەرەو بەرزبوونەوە یان دابەزین یەکلایی نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ