گەنەل ئێنێرجی حەقدەستی مانگی ئایاری هەردوو کێڵگەی تەقتەق و تاوکی وەرگرت

20-06-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی رایگەیاند، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕی هەشت ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەک حەقدەستی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا وەرگرتووە.
 
کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشكرایکردووە، کە بڕی 8 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەک حەقدەستی هەناردەکردنی نەوت لە هەردوو کێڵگەی تەقتەق و تاوکی وەرگرتووە بۆ مانگی ئایار، کە کۆمپانیاکە بەشدارە لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیەدا.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 3.4 ملیۆن دۆلاری وەک حەقدەستی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بژاردووە بەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە کێڵگەی تەقتەق کاردەکەن. لەو بڕە پارەیە 1.9 ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجییە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها 26 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار حەقدەستی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی داوە کە لە کێڵگەی تاوکی کاردەکەن و لەو بڕەش 6 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجییە.
 
لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و تەقتەق کۆمپانیای DNOی نەرویجی و کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی تورکی- ئینگلیزی کاردەکەن.
 
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە. کۆمپانیاکان بە رێژەیەک بەشدارن لە داهاتی نەوت وەک حەقدەست و شایستە داراییەکانیان، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانیشی کەمکردووەتەوە و وایکردووە پلانەکانیان بۆ پەرەپێدانی ئەو بلۆک و کێڵگانەی کاری تێدادەکەن لە ئەمساڵدا هەڵپەسێرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە