رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراقی گوتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ژمارە 250ـی خۆیدا بڕیاری داوە داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات. ئەوەشی بە هەنگاوی یەکەمی رێگەی چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەردوو حکومەت ناوبردووە.
فارس عیسا دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم زانیاری و لیستەکانی داوەتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی."
بەگوتەی بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمێکی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی(TBI)لە هەرێمی کوردستانن بۆ "هاوئانگیکردن و دەستپێکردنی پرسی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران کە هەرێمی کوردستان پێش بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی دەستیپێکردووە."
لێدوانەکەی ئەو بەرپرسە لە ژمارە (5934)ـی رۆژنامەکە بڵاوبووەتەوە، تێیدا ئومێدی ئەوەشی خواستووە لێکتێگەیشتنەکان بەردەوام بن بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی نێوان هەردوو حکومەت.
فارس عیسا، دەڵێت مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە کێشەکان لە بەغدا چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی شێوە رۆژانەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەتایبەت لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە گرنگ زانیوە.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایارمحەممەد شیاع سوودانی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بانکی عێراقی بۆ بازرگانی دەستی بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کردووە، پێویستی بەکات دەبێت بۆ ئەوەی بەجێکردن تەواو ببێت."
سوودانی باسی لەوەش کرد کە روونکردنەوەیەک لە دادگەی فیدراڵییەوە هات و "گوتی رێکار و پڕۆسەی بەجێکردنی مووچە کاتی دەوێت، بۆیە دەبێت حکومەت لە خەرجکردنی مووچە بەردەوام بێت بەپێی ئەو لیستانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێن، کە لەلایەن دیوانی چاودیریی دارایی ناوەند و هەرێمی کوردستانەوە وردبینییان تێدا بکرێت، کار لەسەر ئەمە دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە لەگەڵ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، کێشە و تێڕوانین لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام ئێمە پابەندین بە یاسا و بەفەرمی بۆمان روونکردوونەتەوە دەبێت داهاتە نانەوتییەکان رادەست بکەن، بەڵام ئەوەش مەرجدار نەبووە، واتە نابێت مووچە خەرجکرێت تاوەکو داهاتە نانەوتییەکان رادەست نەکات.. ئەمە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵییە، رێگە و کەناڵی دیکەی یاسایی هەیە.. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەرووی پڕنسیپەوە بە نووسراوی فەرمی پابەندبوونی خۆی بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان نیشانداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ