لە کەرکووک بەهۆی هەورەبرووسکەوە زیاتر لە 200 دۆنم زەویی دانەوێڵەی جووتیاران سووتا


رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو زیاتر لە 200 دۆنم زەویی دانەوێڵەی جووتیاران لە کەرکووک بەهۆی هەورەبرووسکەوە سووتا. لە کەمتر لە 24 کاژێردا پێنج ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکانی داقووق، حەسار و حەویجە بەهۆی هەورەبرووسکەوە تۆمارکراون.
 
لە سنووری حەساریش زیاتر لە 25 دۆنم لە بەرهەمی جووتیارێکی دیکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە سووتا. خاوەنی زەوییەکە دەڵێت، خەڵکی گوندەکەی بەر لەخۆی فریای کوژاندنەوەی ئاگرەکە کەوتن، ئەگەرنا بەهۆی بەهێزیی رەشەباکەوە زۆر زیاتر لەوەی ئێستا دەسووتا.
 
گەشتی حەساری، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ئاگرە بە شۆرتی کارەبا کەوتەوە، خەڵکی گوندەکە بە هانامان گەیشتن و کوژاندیانەوە، ئاگرکوژێنەوە دوورە لێمان، کاتێک تیمەکانیان گەیشتن خەڵک ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، سیستمی ستوونەکانی کارەبا زۆر خراپە، هی کۆنە، دەبێ چارەسەر بکرێت و نوێبکرێتەوە ئەوکات ئێمەش ئەو کێشەیەمان نامێنێت."
 
زیانەکانی ئەو دەخڵودانەی سووتاون لە تەواوی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک؛ بە زیاتر لە 150 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەموو ئەو ناوچانەی دەخڵودانی زۆرە، کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و تیمی بەردەوامیان هەیە، بە سێ قۆناخ پلانی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوەیان داڕشتووە.
 
راید قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک رایگەیاند، "ئەو هەورەبرووسکەیە لە کارەباکانی دا، زۆربەی شۆرتی کارەبا بوو هۆکارەکەی، خۆشبەختانە توانیمان لە زۆر شوێنەکانی وەک بنکەی داقووق و حەسار و مرێم بەگ کە ئاگرمان هەبوو لە ماوەی 24 کاژێردا تیمەکانمان ئامادەبوون و 50 بۆ 50 هەزار دۆنمان لە سووتان پاراست."
 
لە رۆژی 20ـی ئەم مانگەوە حکومەت لە سایلۆی کەرکووک دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات بە نرخی 850 هەزار بۆ هەر تۆنێک، بۆیە جووتیاران پەلەی دروێنەی بەرهەمەکانیانە تاوەکو رادەستی حکومەتی بکەن و بە دەردی ئەو دەخڵانە نەچێت کە سووتاون.