نرخی نەوت 28 سەنت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1981 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەمریکا نەیانتوانیوە لەسەر پرسی قەرزەکانی ئەو وڵاتە بگەنە رێککەوتن، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی کردە سەر بازاڕی نەوت و نرخی نەوتی دابەزاند. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1981 دۆلار.
 
لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکانی نەوت لە رۆژی هەینی، نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 28 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت دابەزی و بە 71 دۆلار و 69 سەنت مامەلەی پێوەکرا.
 
سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی هەینی، بەڵام هەفتەی رابردوو یەکەم هەفتە بوو کە نرخی نەوت لە دوای یەک مانگ لە ئاستی هەفتانەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی نرخەکان بەرێژەی 2٪ بەرزبوونەوە.
 
شەوی رابردوو کۆمارییەکان دانوستاندنی نێوانیان لەگەڵ دیموکراتەکان هەڵپەسارد کە پەیوەست بوو بە بەرزکردنەوەی ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان بۆ حکومەتی ئەمریکا.
 
کۆمارییەکان رایانگەیاند کە ناچارن کۆتایی بە دانوستاندنەکان بهێنن بەوپێیەی کە کۆشکی سپی و ئیداری بایدن هیچ نەرمییەک لە دانوستاندنەکاندا پێشان نادەن.
 
لەلایەکی دیکەوە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هەر کارێک پێویست بکات بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان دەیگرنەبەر، لە نێوانیاندا بەردەوامیدان بە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی.
 
رۆبێرت یاوگەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (میزۆهۆ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێناچێت رێککەوتن لەسەر قەرزەکانی ئەمریکا بەمزووانە بەدەست بێت و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتووشدا هەیە." یاوگەر دەشڵێت، کۆی ئەو هۆکارانە گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
 
نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1981 دۆلار
 
چەقبەستنی دانووستاندنەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکان بۆ حکومەتی ئەمریکا یارمەتیدا نرخی زێڕ بەرزبێتەوە.
 
رۆژی هەینی لە دوایین ساتەکانی بازاڕی کانزا و کاڵاکان، نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 1.1٪ واتا 21.8 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەکدا بەرزبووەوە و بە 1981 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
کۆمارییەکان شەوی رابردوو کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دیموکراتەکان لەسەر چۆنێتیی بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکان وەستاند و بەوپێیەش بەهای دۆلار رووی لە دابەزین کرد و بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
جانێت یەلەن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریداوە کە حکومەتی ئەمریکا ئەگەری هەیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو رووبەڕووی بێ بودجەیی ببێتەوە و نەتوانێت قەرزەکانی بداتەوە.
 
کێڤین ماککارتی، سەرۆکی کۆنگریس کە سەرکردایەتیی پارتی کۆماریش دەکات، رەخنەی تووندی لە کۆشکی سپی و ئیدارەی بایدن گرت کە ئامادە نین مەرجی کۆمارییەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان پەسند بکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش رێگە بە بەرزکردنەوەی ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان بدەن.
 
کۆمارییەکان رایانگەیاندووە ئەستەمە دانووستاندنەکان لە رۆژانی پشوو، شەممە و یەکشەممە لەوبارەیەوە دەستپێبکاتەوە.