جووتیارێک: دەتوانین بە درێژایی 12 مانگ پەتاتە بۆ هەرێمی کورستان دابین بکەین

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی جووتیاران لە سنووری قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک بەرهەمی پەتاتەیان زیاد بووە و ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی پەتاتەی هاوردەوە بۆیان ساخ نەبێتەوە. جووتیارێکیش دەڵێت دەتوانن بە درێژایی 12 مانگ پەتاتە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
 
یوسف ئەیوب، جووتیارێکی قەزای بەردەڕەشە و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵ جووتیاراندا نییە. ئێمە دەتوانین بە درێژایی 12 مانگ پەتاتە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین. ئەگەر حکومەت هاوکاریشمان بکات دەتوانین هەناردەی بکەین بە تایبەتی بۆ سعودیە."
 
حسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزاەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە 1ـی نیسانەوە پەتاتەی هاوردەکراومان قەدەخە کردووە تاوەکو ئەو کاتەی پەتاتەی ناوخۆ هەبێت. هەناردەکردنی پەتاتەیش بە دەست ئێمە نییە و کاری کۆمپانیاکانە، بەڵام ئێمە هاوکارییان دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەیش لەگەڵ چەند لایەنێکدا قسە کراوە تاوەکو بتوانین پەتاتەی هەرێمی کورستان هەناردە بکەین."
 
داواکاریی ئەو جووتیارە لە حکومەت ئەوەیە کە نەهێڵێت لە سنوورەکانەوە پەتاتە بێتە ناوەوە، هەروەها هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ساخ بکەنەوە.
 
گوتەبێژی وەزاەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بتوانین پەتاتەی هەرێمی کورستان بنێرینە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو مەبەستە نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە."
 
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوە دا کە ساڵانە ئەوان لە بەردەڕەش پەتاتە دەکەن، چونکە زەوییەکەیان بۆ پەتاتە زۆر گونجاوە و گوتی: "ئێستا نزیکەی 15٪ی پەتاتەکەمان پێگەیشتووە. تا هەفتەیەکی دیکەی نزیکەی 80٪ی بەرهەمەکەمان پێدەگات."
 
بە گوتەی یوسف ئەیوب، هەر تۆنێک پەتاتە زیاتر لە سێ ملیۆن دینار تێچوویەتی و دەڵێت: "من خۆم نزیکەی 700 تۆنم کردووە. پێموایە بەرهەمی ئەمساڵی من 10 هەزار و 500 تۆن تێدەپەڕێنێت."