ساڵانە 500 تۆن هەنگوین لە کوردستان بەرهەمدەهێندرێت

رووداو-هەولێر

ئەگەر هەنگەکان نەمێنن، دوای چوارساڵ ژیان لەسەر زەوی نامینێت، ئەمە قسەی ئاینشتاینە، لەبەرئەوەی لەسەدا هەشتای پرۆسەی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵە هەنگەکان دەیکەن، هەر ئەوانن لەسەدا هەشتای ئاسایشی خۆراکی جیهان دابیندەکەن، بۆیە ئەگەر هەنگ لە کێڵگەیەکدا بێت، ئەوا بەرهەمی ئەو کێڵگەیە 25-60 لەسەد زیاتر دەبێت.
 
جگە لەم ئیشە سەرەکییە ئەم هەنگانە چەندین ئیشی سەرەکی دیکەیان هەن، وەک: هەڵاڵە، خواردنی شاژن، پرۆپۆلز و، پوورە. یەکێک لە ئیشەکان دروستکردنی هەنگوینە کە تا ئێستا سەلمینراوە  185 سوودی هەن بۆ مرۆڤ.
 
لە هەرێمی کوردستان 16 هەزار هەنگەوان هەن، ئەوان ساڵانە 500 تۆن هەنگوین بەرهەمدێنن، بەڵام پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 1490 تۆنە، واتە ئەوەی بەرهەمی دێنین یەک لەسەر سێ ئەوەیە کە دەیخۆین.
 
ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر بەرهەمی هەنگویندا هاتووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2017دا 450 تۆن و ساڵی 2018 تەنیا 100 تۆن بەرهەمهاتووە، بەڵام لە ساڵی 2019دا زیادیکردووە بۆ 500 تۆن.
 
لەهەرێمی کوردستاندا 700 هەزار سندووق هەن کە ، 500 هەزاریان سندووقی مۆدێڕن و نوێن، 200 هەزاریشیان سەبەتەن، ئەوەی یەکەمیان کوالێتی و بڕی بەرهەمی باشترە، لەسەدای 75ی هەرچی سندووقی هەنگ هەیە لە عێراقدا کەوتووەتە کوردستانەوە.