عێراق لە رۆژانی جەژن مووچەی مانگی 4ـی فەرمانبەران دابەش دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا لە رۆژانی جەژنی رەمەزانیش مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران دابەشبکرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی محەممەد، وەزیری دارایی عێراق داوای لە فەرمانبەرانی بانکەکانی رافیدەین و رەشید کردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەینی و رۆژانی جەژنی رەمەزان دەوام بکەن، بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران.
 
ئەمە لەکاتێکدا هێشتا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی سێ تەواو نەبووە، بەشێک لە فەرمانبەران مووچەکەیان دەکەوێتە دوای جەژن بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
 
رۆژی 18-04-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڕیاریدا لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی مانگەوە تاوەکو رۆژی 24ـی مانگ پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم دام و دەزگاکانی عێراق.