لە سلێمانی نرخی کاڵا و خۆراک بووەتە دووهێندە؛ دەست بۆ هەر شتێک دەبەی ئاگردەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

باسوخواسی گەرمی نێو کاسبکارانی بازاڕی سلێمانی، گرانبوونی نرخی کاڵا و شمەکە لە رۆژانی پێش جەژن. مام عەزیز یەکێک لەو کاسبکارانەیە لەوەتەی بە بیری بێت هەر کرێکاری کردووە، ئەو دەڵێت، دەست بۆ هەر شت دەبەی نرخەکە هێندە گرانە ئاگردەکاتەوە و لەگەڵ گیرفان یەکناگرێتەوە.
 
مام عەزیز ئەحمەد باسی ساڵی رابردوو دەکات، دەڵێت: قەیسی بە چوار هەزار کڕیوە و ئەمساڵ بە شەش تاوەکو هەشت هەزارە، گۆشتیش زۆر گران بووە. ساڵی رابردوو ئەگەر پێداویستیی جەژن بە 100 هەزار تەواوبووایە، ئەمساڵ 150 هەزارت پێویستە. 
 
هۆکاری ئەو گرانبوونەی کەلوپەل، گۆڕانکارییە لە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و گرانبوونی خۆراکە لە بۆرسەی جیهانی. 
 
بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە پەیامنێری رووداو دەچێتە بەر بەلەدییەکەی سلێمانی، یەکێک لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی ئەو شارە، ئەوەی بۆ گۆشت و سەوزەکڕین چوبوو، دادوبێدادی بوو لەدەست گرانیی نرخ، لەوێ کڕیار و فرۆشیار لەگەڵ هەرزانیی نرخ و گونجاوییەکەیدان بەپێی دۆخی خەڵک.
 
ئاراس ئەحمەد پارێزەرە، دەڵێت: گرانبوونی کەلوپەل بەجۆرێکە، خەڵکی ناتوانن پێداویستییەکانیان پڕبکەنەوە. ئەو نموونەی ژنێکی هێنایەوە لە یەکێک لە قەسابخانەکان کە داوای 250 گرام گۆشتی کردووە؛ گوتوویەتی "پارەم پێ نییە."
 
کارۆ مستەفاش هاونیشتمانییەکی دیکەیە و لە بازاڕەکە قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: پار ئەگەر شتێکی بە 250 دینار کڕیبێت، ئەمساڵ بووەتە 500 دینار. جگە لەوەش نیگەرانیی ئەو کڕیارە لە کوالێتییەکەیەتی و بە خراپ ناوی دەبات. "خۆزگە هەر گرانبووایە، تەنیا کیمیایی تێدا نەبووایە کە نەخۆشخانەی هیوای پڕکردووە لە نەخۆش."
 
چاودێریی بازرگانیی سلێمانی یەک جێگەیان بەهۆی گرانیی نرخەوە سزاداوە و دەڵێن، نرخەکان هێدی هێدی هەرزان دەبن، هۆکاری گرانیش، گۆڕانکاریی نرخی دۆلار و دینار بووە و لە رۆژانی ئایندە نرخەکان جێگیر دەبنەوە.