لە رەشنووسی بودجەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 42 کەس کەمی کردووە بەراورد بە 2021


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، نزیکەی 730 هەزار فەرمانبەر دادەمەزرێندرێن، بەڵام ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسەکەدا بەراورد بە 2021 کەمی کردووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ئەو ژمارانەیە کە لە ساڵی 2016ـەوە دیاریکراوە و گۆڕانکاریی زۆر کەمی تێدا دەکرێت یان هەر ناکرێت."
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق لە ئەمساڵدا 730 هەزار کەس لە سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەکانی دادەمەزرێنێت، لە ساڵی 2021یشەوە ژمارەی دامەزراندنی نوێ دەگاتە 833 هەزار کەس، بەڵام لە رەشنووسەکەدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەردەکەوێت ژمارەیان 682 هەزار و 21 کەس بووە لە ساڵی 2021 و  بڕی 6 تریلیۆن و 360 ملیار و 985 ملیۆن و 32 هەزار دیناری لە بودجەی ئەو ساڵەدا بۆ تەرخانکراوە.
 
لەکاتێکدا لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023دا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 681 هەزار و 979 کەس دەبن، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ ئەوە 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن و 616 هەزار دیناردەبێت.
 
بەو پێیە هەرچەندە لە ساڵی 2023دا 42 فەرمانبەر بەراورد بە 2021 کەمیکردووە، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوو تریلیۆن و 938 ملیار و 528 ملیۆن و 584 هەزار دینار زیادی کردووە، واتە بە رێژی 31.6٪.
 
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی ئەو زیادبوونە بۆ ئەو  سەرمووچانە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانە بۆ فەرمانبەران دەکرێت."
 
پلە باڵاکان لە پلەی باڵای ئەلف، لە ساڵی 2021دا 70 کەس بووە، لە ساڵی 2023دا بووەتە 329 کەس. پلە باڵای بی لە ساڵی 2021دا 996 کەس بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023 بووەتە 1221 کەس.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "عێراق ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەری لە ساڵی 2021 و تاوەکو ئەمساڵ دامەزراندووە کە کۆی گشتی زیاترە لە 833 هەزار کەس، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاد ناکات."
 
قەبارەی بودجەى گشتیى عێراق 199 ترلیۆن دینارە کە زیاتر لە 16 ترلیۆنى پشکى هەرێمى کوردستانە. بودجەکە بۆ ساڵانى 2023، 2024  و 2025 دەبێت، بودجەى پەرەپێدانى هەرێم و پارێزگاکان دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینارە.