رووداو دیجیتاڵ
هەرێمى کوردستان تێڕوانینى خۆى داوەتە بەغدا لە بارەى ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەى نرخى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاری دەکات بەوەى دەبێت لە چوارچێوەى گرێبەستى کۆمپانیاکان کاربکات، بەر لە تەواوکردنى کارەکەشى رەشنووسى راپۆرتێک پێشکێش بکات.
بەگوێرەى کۆنووسى کۆبوونەوەیەکیان، بەغدا و هەولێر لەسەر بڕى نەوتى بەکارهاتوو بۆ ناوخۆ، قەرزى پێشوو، سروشتى ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەکە ناکۆکن، بۆیە ئەو پرسانە دەکرێنە راپۆرت و دەخرێنە بەردەم سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەى بڕیاریان لێ بدات.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 20ى ئادارى 2025، شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى بەربەستەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکان.
شاندەکە پێکهاتوون لە کەمال محەممەد ساڵح، وەزیرى سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، بەیان سامى عەبدولرەحمان، راوێژکارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
کۆبوونەوەکانى ئەو شاندە قۆناخى بەر لە یەکلاکردنەوەى ئەو ناکۆکیانەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، لە بارەى پرسى نەوت، کە بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بڕیارە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەیرانى بڕیار لە بارەیەوە بدات.
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد وەک هەنگاوى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە رووداو ـى گوت: "گرنگترین ئەو پرسانەى کە دەخرێتە بەردەم سوودانى بۆ یەکلاکردنەوەى بریتین لە قەرزى کۆمپانیاکانى نەوتى لە 2022 تاوەکو راگرتنى هەناردەى نەوت، لەگەڵ سرووشتى کۆمپانیا راوێژکارییەکە کە نەوتى بێت یان تایبەتمەندى وردبینى بێت".
هەولێر و بەغدا داواى چى لەیەک دەکەن؟
12ى ئادارى 2025، هەردوو شاندى تەکنیکى کەرتى نەوتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى داواکارییەکانیان لەبارەى پرسى هەناردەکردنەوەى نەوت و چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ خەرجیى کۆمپانیاکان.
بە گوێرەى کۆنووسى ئەو کۆبوونەوەیە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە و شاندى هەردوولا واژۆیان کردووە، نوێنەرى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەداوە، 115 هەزار بەرمیل نەوتیان پێویستە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی لەسەر ئەو بنەمایەى، ئەو بڕە نەوتە 14%ى ئەو بەرهەمانەى نەوتە کە لە پارێزگاکانى عێراق بەکاردەهێنرێت. ئەو پرسەش لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق یەکلاکراوەتەوە، داواش کراوە هاوشێوەى نەوتى هەناردەکراو بڕى 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکى ئەو نەوتە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی خەرج بکرێت.
هەموارى یاساى بودجە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
لە کۆنووسەکەدا هاتووە کە شاندى هەرێمى کوردستان بە شاندەکەى بەغداى راگەیاندووە، بەشێک لە بەرهەمەکانى نەوت لەناوخۆى هەرێمى کوردستان بەکاردەبرێت و بەشێکى بەبێ بەرامبەر دەردێتە وەزارەتى کارەبا و بەشێک لە پارەى فرۆشتنى ئەو بەرهەمانەش بۆ دانەوەی پارەی پابەندییە داراییەکان تەرخان دەکرێت.
نوێنەرانى وەزارەتى نەوت ئاماژەیان بەوەداوە، بڕى نەوتى بەکارهاتوو بۆ ناوخۆى هەرێمى کوردستان کە ئەوان بە شایستەى دەزانن 46 هەزار بەرمیلە، هەروەها نوێنەرانى بەغدا ئاماژەیان بەوەداوە، دەبێت هەرێمی کوردستان 120 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بداتە بەغدا، کە قەرزە لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەو کۆنووسە بۆ ئەوە بووە کە بخرێتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەى بڕیار لەبارەیەوە بدات بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو جیاوازیانە.
کارى کۆمپانیا راوێژکارییەکە چۆن بێت؟
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى بەرپرسى بەغداوە دەستى کەوتووە، 16ى ئادارى 2025 حکومەتى هەرێمى کوردستان بە نووسراوێکى فەرمى کە ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە، تێڕوانینى خۆى لەبارەى سرووشتیی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە پێگەیاندووە کە بڕیارە بۆ دیاریکردنى نرخى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دەستنیشان بکرێت.
تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستان وایە، کە ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە کارى وردبینى و بەراوردکردنى ئەو لیستە بێت کە کۆمپانیاکانى نەوت پێشکێشى دەکەن بۆ دیاریکردنى شایستە داراییەکان، کە بە گوێرەى ئەو گرێبەستانەى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان واژۆیان کردووە.
لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، کۆمپانیا راوێژکارییەکە دەبێت ئەرکى بەراوردکردنى بڕى نەوت و پارەکەى بێت لە بازاڕەکانى جیهان کە پشتبەستوو بێت بە بەڵگەنامەى فەرمى، هەروەها بەدواداچوون و بەراورد بۆ رێککەوتنى فرۆشتنى نەوت دەکات لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان لە رووى نرخەکەیەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش شایستەى دارایی کۆمپانیاکان دیاری بکرێت.
حکومەتى هەرێمى کوردستان تێڕوانینى وابووە ئەو کۆمپانیایە بەدواداچوون بۆ پشکى کۆمپانیاکان بکات بەگوێرەى ئەو گرێبەستەى هەیەتى لەسەر بنەماى هاوبەشى لە بەرهەمهێنان، پێویستە کارى کۆمپانیاکە و رێوشوێنەکانى یەک بگرێتەوە لەگەڵ ئەو ئەرک و مافانەى بە گوێرەى گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى نەوت و حکومەتى هەرێمى کوردستان واژۆ کراون و دژبەیەک نەبن.
یەکێکى دیکە لە تێڕوانینەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوە بووە کە پێویستە خەرجى گواستنەوەى نەوتى کۆمانیاکان، بۆرى گواستنەوە و یان تانکەر بگرێتەوە بە گوێرەى ئەو گرێبەستانەى لەگەڵیاندا کراوە.
بۆچوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان وابووە کە ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە لە ماوەى دوو مانگدا راپۆرتێک ئامادەبکات لەبارەى تێچووى بەرهەمهێنانى کردارى و گواستنەوەى نەوت، لە دواى کارى کۆمپانیایە لەو دوو مانگەدا، دەبێت متمانەیەک لە لاى حکومەتى فیدراڵ دروست ببێت لەبارەى هەژمارکردنەکە بەشێوەیەک بۆ داهاتوو ئەو پرسە بدرێتە دەست وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گوێرەى ئەو گرێبەستانەى، کە لە نێوانیان واژۆ کراوە.
بە گوێرەی هەموارى یاسای بودجە، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
حکومەتى هەرێمى کوردستان خشتەیەکى کاتى پێشنیاز کردووە بۆ کارى ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە بەوەى لە 90 رۆژدا کارەکانى تەواو بکات و هەفتانە راپۆرتێک لەبارەى کارەکانى پێشکێش بکات و بەر لە هەفتەیەک لە تەواوبوونى کارەکانى رەشنووسی راپۆرتێک بداتە لایەنە پەیوەندارەکان لەبارەى ئەو ئەنجامەى پێی گەیشتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ