پووتین: ئامادەین بەبێ بەرامبەر دانەوێڵە بدەینە ئەفریقا

20-03-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا بەڵێنیدا، ئەگەر گرێبەستی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە بۆ جیهان درێژنەکرایەوە، ئامادەیە بەبێ بەرامبەر دانەوێڵە بداتە ئەفریقا. 
 
رۆژی دووشەممە 20-3-2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکیدا لە بەردەم ژمارەیەک بەرپرسی ئەفریقی لە مۆسکۆ گوتی: "ئەگەر دواجار بڕیارماندا لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە درێژ نەکەینەوە، ئەوا رووسیا ئامادەیە هەموو ئەو بڕە دانەوێڵەی کە بۆ ئەفریقا تەرخانکراوە، بەبێ بەرامبەر بیداتە وڵاتانی ئەو کیشوەرە." 
 
رۆژی شەممە 18-3-2023، رووسیا رەزامەندیی لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی دەریای رەش بۆ ماوەی 60 رۆژ تاوەکو 18-5-2023 دەربڕی، بەڵام هۆشداریدا لەوەی دوای ئەو وادەیە ئامادە نییە رێککەوتنەکە درێژ بکاتەوە، مەگەر بە مەرج.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، سزاکانی رۆژئاوا لەسەر بانک، خزمەتگوزاری لۆجستی، دڵنیایی گواستنەوە و چەند بوارێكی دیکەی رووسیا بەربەستی گەورە لەسەر ئەو وڵاتە دادەنێت لە هەناردەکردنی دانەوێڵە، پەیین و هەندێ بابەتی سەرەکی خۆراک؛ دەشڵێت، بۆ ئەوەی رووسیا بتوانێت درێژە بەو پرۆسەیە بدات دەبێت سیستمە بانکییەکەی جارێکی دیکە بە سیستمی سویفت-ی جیهانی ببەسترێتەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا وەک بەشێک لە سزاکانیان بەسەر رووسیادا لە سیستمی سویفتیان پچڕاند و قەدەخە کرد. 
 
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: "ئەگەر لە دوای 18ی ئایاری ئەمساڵ رێککەوتنەکە درێژ نەکرایەوە، ئەوا رووسیا ئامادەیە هەرچی بڕە دانەوێڵە و کاڵای دیکەیە کە بۆ ئەفریقیا تەرخانی کردووە، بەبێ بەرامبەر بیداتە وڵاتانی ئەو کیشوەرە." 
 
وەک پووتین دەڵێت: "رووسیا پابەندی بەڵێنەکانیەتی، چ لەبارەی خۆراک، پەیین و سووتەمەنی یان کاڵا گرنگەکانی دیکە کە پێویستە هەناردەی ئەفریقا بکرێن و دەبنە هۆی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و وزەیان." 
 
رۆژی 22-07-2022، رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتنێکیان لە ئیستەنبووڵ واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنی گەنمی گیرخواردووی هەردوو وڵاتەکە لە رێگەی دەریای رەشەوە.
 
بەگوتەی پووتین، تاوەکو ئێستا وڵاتانی جیهان تەنیا 3 ملیۆن تۆن دانەوێڵەیان هەناردەی ئەفریقا کردووە و 1.3 ملیۆن تۆنی دیکەیان هەناردەی هەژارترینیی ئەو وڵاتانە کردوون، لەکاتێکدا رووسیا خۆی بە تەنیا 12 ملیۆن تۆنی ناردووەتە ئەفریقا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.