رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی کردنەوەی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لە سلێمانی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی، سلێمانی چالاکیی بازرگانیی گەورەی تێدایە و قەبارەی بازرگانی و ژمارەی بازرگانان لەم پارێزگایە زۆر گەورە و گرنگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "پارێزگای سلێمانی چالاکیی بازرگانیی گەورەی تێدایە. ئێمە لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەی کە دەگوازرێتەوە دەرەوە تێبینیمان کردووە، قەبارەی بازرگانی و ژمارەی بازرگانان لەم پارێزگەیە زۆر گەورە و گرنگە."
عەلی عەللاق ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بڕوامان وایە کە هەندێ کێشە و تێبینی هەن پێویستیان بە چارەسەرە. دەتوانین بە پێکەوەکارکردنی نێوان حکومەتی ناوەندی، لایەنە پەیوەندیدارەکان و بانکی ناوەندی، بابەتی بازرگانی بخەینە چوارچێوەیەکی ئاسان و رێکخراو، بۆ ئەوەی ببێتە هاندەر بۆ دەرفەتی بازرگانی و تەنانەت بۆ هەناردەکانی ئەم پارێزگەیە."
پارێزگاری بانکی ناوەندی گوتیشی: "ئەم ناوەندە زۆر گرنگە و ناوەندە داراییەکان لە وڵاتاندا دەتوانن وەبەرهێنەران راکێشنە وڵاتەکەیانەوە، ئەوەش بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە بەردەستە و وەبەرهێنەرانی بیانی خواستی هاتنیان بۆ ئێرە هەیە."
هەر ئەمڕۆ شاد فیکرەت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیای رووداو بوو و رایگەیاند، "بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و ئابووری لە عێراق دەکرێتەوە. کردنەوەی ئەم ناوەندە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی دیکە لە پارێزگاکەدا."
لە بارەی ئەو بانکانەی کە لقیان لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی دەکەنەوە، شاد فیکرەت گوتی: "چەندین بانکی نێوخۆی و جیهانی لە ناوەندەکە لقیان دەبێت، لەگەڵ چەندین کۆمپانیای پشکداری، کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و لقی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ