سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی هۆشداری لە گرانتربوونی گۆشتی سوور دەدات

20-02-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەگەر حکومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ هەنگاوی پێویست و بەپەلە نەگرنەبەر، ئەوا تاوەکو جەژنی رەمەزان نرخی کیلۆیەک گۆشت نزیک دەبێتەوە لە 30 هەزار دینار.
 
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، ئەو هۆشدارییەی دا.
 
هەروەها رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی دۆخی سامانی ئاژەڵ زۆر خراپە، لە هەردوو کەرتی گوندنیشنەکان و پرۆژەکانیش، بەهۆی ئەوەی لە گوندەکاندا ساڵ لەدوای ساڵ، سامانی ئاژەڵ کەمدەکات".
 
گوتیشی، پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ زۆر خراپە و خەڵكێکی کەم وەبەرهێنان لەم کەرتە دەکات، چونکە تێچووی زیاترە لە پرۆژەکانی دیکە، بەرهەمەکەیشی بەزوویی پێناگات.
 
بەگوتەی جەمال حوسێن، "لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نزیکەی 14 پرۆژەی قەڵەوکردنی گوێرەکەمان هەیە، بەڵام هیچ پرۆژەیەکی گرنگ و دیار بۆ بەخێوکردنی مەڕ و کار و بەرخ بوونیان نییە، چونکە پێشتر شەش پرۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵی بچووک هەبوون، بەڵام بەهۆکاری جیاواز وەستان".
 
گوتیشی، هەموو ئەو پرۆژانەی بۆ بەخێوکردن و قەڵەوکردنی ئاژەڵی بچوک هەبوون توانای بەرهەمهێنانیان نەدەگەیشتە 2000 سەر.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن و 8 پرۆژەی دیکەش لە قۆناخی دروستکردندان.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی دەشڵێت، چۆن لە رابردوودا پرۆژەکانی کەرتی پەلەوەری و بەرهەمهێنانی توانیان پێداویستی بازاڕی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان پڕ بکەنەوە، پێویستە پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و قەڵەوکردنی ئاژەڵیش گرنگیان پێبدرێت.
 
لەبارەی خواست لەسەر گۆشت و بڕی پێویستی گۆشت، ئاماژەی بەوەکرد، خواست لەسەر گۆشتی سوور زۆرە و بەرهەمی نێوخۆیش زۆر کەمە، تەنیا سلێمانی رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە 90 تۆن گۆشتی سوور هەیە و مانگانە نزیکەی دوو هەزار و 700 تۆن گۆشت دەبێت، لە بۆنە و جەژنەکاندا خواست زیاتر دەبێت.
 
لەبارەی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا، جەمال حوسێن دەڵێت، ئەگەر حکومەت و وەزارەتی کشتوكاڵ رێکاری پێویست نەگرنەبەر، تاوەکو جەژنی رەمەزان، نرخی کیلۆیەک گۆشت نزیک دەبێتەوە لە 30 هەزار دینار.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی وەزارەتی کشتوکاڵ، رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سامانی ئاژەڵ هیچ پلانێکی گرنگی نییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی گرانبوونی گۆشت، تەنانەت هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سامانی ئاژەڵ و لە ئاستی پارێزگاکاندا نییە و ئەو بڕیارانەی لەبارەی سامانی ئاژەڵ دەردەکرێت، هیچ بۆچوونی ئێمە وەرنەگیراوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.