سەفین دزەیی: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە تورکیاوە نەماوە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە ئێستا بەغدا دەبێت ئەو بڕیارە بدات."
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشن لە ئەڵمانیا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی دوبەی رایگەیاند: "ئەم جۆرە کۆنفرانسانە لە ساڵانی رابردووش کراون و بەشداریی هەرێم هەمیشە بەشدارییەکی بەرچاو بووە، بەڵام رووداوەکانی رۆژ تەحەکوم لەسەر  کارنامەی ئەو کۆنفرانسانە یاخود ئەو کۆربەندانە دەکەن."
 
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی 11 مانگە راگیراوە، سەفین دزەیی دەڵێت: "ماوەیەک پێش ئێستا دەگوترا تورکیا رێگە نادات، بەڵام تورکیا بە ئاشکرا رایگەیاند ئێمە ئامادەین، بۆڕییەکەش کە کێشەی هەبوو چاکمان کردووە و تۆپەکە کەوتە گۆڕەپانی بەغدا، ئێستا بەغدا دەبێت ئەو بڕیارە بدات."
 
سەفین دزەیی باسی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە کرد و گوتی: "راستە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام یاریکەرێکی سەرەکییە لە هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکە و لە رابڕدووش لە رووی ئەمن و سەقامگیرییەوە، پێشمەرگە هێزی سەرەکی بوو لە تێکشکاندنی داعش، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو سەقامگیرییە لە ناوچەکە و بەردەوامبوونی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە، خاڵێکی سەرەکی و جێی بایەخی هەموو لایەکە."
 
دزەیی ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی دەرەوە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ماوەکانی رابردوودا کرد و رایگەیاند: "کۆنفرانسەکە زۆر چڕوپڕ بوو، دوایین کۆنفرانس لە ساڵی 2015 کرا، بۆ کات و ساتی خۆی بێگومان گرنگ بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان هەن و هەندێکی دیکەش نیازیان هەیە و هەرێمی کوردستانیش حەز و خواستی هەیە کە پردی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فراوانتر و پتەوتر بکات، بۆیە کۆنفرانسەکە گرنگیی خۆی هەبوو."
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە لەو کۆنفرانسەدا پێشنیازی کردنەوەی چەند نوێنەرایەتییەکی نوێی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان کرا و گوتی: "وڵاتانی عەرەبی حەوت کۆنسوڵخانەی گشتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان تەنانەت یەک نوێنەرایەتیشی لە وڵاتە عەرەبییەکان نییە، بۆیە یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکان یان پێشنیازە سەرەکییەکانی کۆنفڕانسەکە ئەوە بوو کە لە چەند وڵاتێک نوێنەرایەتی هەبن."
 
سەبارەت بە رۆڵی نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی نێوخۆیی و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کوردستان، سەفین دزەیی روونیکردەوە: "ئەوە خاڵێکی سەرەکییە لە بەرنامەی حکومەتدا کە ئابووریی کوردستان هەمەچەشن بێت و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین، بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستا، کە وڵاتانی پێشکەوتوو هەوڵدەدەن جێگرەوە بۆ وزەی نەوت بدۆزنەوە."
 
سەفین دزەیی گوتیشی: "هەرێمی کوردستان بەرنامەی ئەوەیە زیاتر بایەخ بە کەرتی کشتوکاڵ بدات، هاوکاری جووتیاران بکرێت و نوێنەرەکانمان لە دەرەوەی وڵات هەوڵی خۆیان دەدەن لەو وڵاتانە بازار ببیننەوە، بە تایبەت بەشی هەرەزۆری نوێنەرایەتییەکانمان لە ئەوروپان، کۆمەڵێک رێکار هەن و کۆمەڵێک رێنمایی هەن لە رووی تەندروستییەوە، لە رووی کوالێتییەوە و لە رووی ستانداری نێودەوڵەتییەوە، پێویستە ئێمە بتوانین جووتیارانی خۆمان بەو ستانداردانە ئاشنا بکەین، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خۆیان بەو ستانداردانە بەرهەم بێنن، تا بتوانین ئەو بەرهەمانە بگەیێننە بازارەکانی دەرەوەی وڵات."
 
نزیکەی 30 نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و 15 رێکخراوی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان هەن. دوایین وڵات کە لە هەرێمی کوردستان کۆنسوڵخانەی کردەوە قەتەر بوو، سەفین دزەیی گوتی: "ژمارەیەک وڵاتی دیکەش خواستی خۆیان دەڕبریوە بۆ ئەوەی لە کاتێکی نزیکدا کۆنسوڵخانەکانی خۆیان بکەنەوە، بۆیە لەگەڵ بەغدا کار لەسەر ئەمە دەکرێت بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی پێویست."