بەهاى دینار و رێکنەکەوتنى هەولێر و بەغدا بودجەى گشتیى عێراقیان دواخستووە

20-02-2023
هەستیار قادر
هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان رێکنەکەوتوون
هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان رێکنەکەوتوون
نیشانەکردن بودجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان چووەوە بەغدا و گەڕێکى دیکەى گفتوگۆی دەستیپێکرد. نەوت و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق، لە پێشینەى ئەو پرسانەن کە ئێستا هەوڵى یەکلاکردنەوەیان دەدرێت.  
 
سەبارەت بە کێشە بەردەوامەکانی عێراق، موحسین موئنیس، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێ "چەندین کێشەى جێگیر هەن کە لە داڕشتنى دەستوورەوە تا ئێستا هەن، لەوانە مادەى 140، مافى هەرێمى کوردستان، شایستە داراییەکان، یاسای نەوت و گاز، بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى". 
 
پشکى هەرێمى کوردستان و ناجێگیریی بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار، ناردنى پڕۆژەیاسای بوجەى 2023ـیان لە وەزارەتى داراییەوە بۆ حکومەت و لەوێوە بۆ پەرلەمان، دواخستووە. 
 
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێ "پەرلەمانى عێراق چاوەڕێى بودجە دەکات. پرسەکە لە راستیدا زۆر دواکەوت. پێموایە ئەو کێشانەى لەبارەى بەهاى دینار و گۆڕینى، کاریگەرییان هەبووە لەسەر داهاتى گشتیى بودجە، بۆیە دەبێت جارێکى دیکە دابەشبکرێتەوە بەسەر بودجەى وەبەرهێنان و بەکاربردن، بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ بەهاى نوێى دینار بەرامبەر بە دۆلار".
 
ماوەی چوار مانگە حکومەتى عێراق پێکهێندراوە، تائێستا هەولێر و بەغدا لەبارەى پرسە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان رێکنەکەوتوون.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژی یەکشەممە (19-2-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەدوای کۆتاییهاتنی دیدارەکانی لە میونشن، گوتی "هەرێمی کوردستان پشتگیری لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و حکومەتی نوێی عێراق دەکات. هەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەکانی خۆی لەچوارچێوەی دەستوور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. ئێمە، هیوادارین بەغداش هەمان بۆچوونی هەبێت و هەوڵێکی جیدی بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى، دەبوو بەر لە دەستپێکی ساڵى 2023 رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى بودجە بکرایە, بەڵام بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەدژى ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان، بە یەکێک لە بەربەستە یاساییەکانى بەردەم رێککەوتن لەو بوارەدا دادەنرێت، کە پێویستی بە چارەسەرە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.