گرژییەکانی دەریای سوور کاریگەریی لەسەر هەناردەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق داناوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرژییەکانی دەریای سوورەوە، ئاراستەی چەند کەشتییەک گۆڕاون کە نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق و سعودیەیان هەڵگرتووە.
بەپێی ئاماری دامەزراوەکانی چاودێریی کەشتییەکان، ئەو کەشتییانەی ئەم مانگە لە بەندەری "رەئس تەنورە" و "جوبەیل" لە سعودیە و، بەندەری بەسرە لە عێراق نەوتی ئەو دوو وڵاتەیان بارکردووە، رێڕەوی گەشتەکانیان گۆڕیوە و لە گەرووی بابولمەندەب دوورکەوتوونەتەوە.
لانیکەم دوو کەشتی کە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی سعودیە و بەرهەمە پاڵاوتەکراوەکانی سعودیەیان هەڵگرتبوو، دوای بارکردنیان لە کەنداوی فارس لەم مانگەدا، ئەگەری دواکەوتنیان هەیە. هەروەها پێنج کەشتیی دیکە کە تاوەکو شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان لە عێراقەوە هەڵگرتبوو، لە دەریای سوور دوورکەوتوونەتەوە.
زۆرینەی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە لە 12ـی مانگەوە دەستیان بە گۆڕینی ئاراستەی گەشتەکانیان کردووە، کاتێک هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکانی یەمەن دەستی پێکرد و، لە بەرامبەریشدا حوسییەکان رایانگەیاند، هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە.
کەشتییەکان ئاراستەکانیان بەرەو ئەفریقا دەگۆڕن، بەوەش گەشتەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ پاڵاوگەکان و بەکاربەران لە ئەوروپا کاتێکی زیاتر دەخایەنێت.
گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکان رەنگە ماوەی گەشتەکان زیاتر لە دوو هەفتە درێژبکاتەوە، کاتێک بەراورد دەکرێت بە گەشتەکە لە کەنداوی عەرەبییەوە لە رێگەی دەریای سوور و کەناڵی سوێسەوە.
هەرچەندە پێناچێت تا ئێستا بەئامانجکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە ئەنقەست بێت، بەڵام زۆرێک لە کۆمپانیاکانی خاوەن کەشتییەکان دەیانەوێت خۆیان لە مەترسییەکان بەدوور بگرن.
بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی جیهان پێکدەهێنێت و زۆربەی ئەو نەوتە بۆ ئاسیا هەناردە دەکرێت، هێشتا نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی هێرشەکانەوە.
بەڵام ئێستا ناردنی ئەو نەوتە و فرۆشتنی بە ئەوروپا گرنگتر بووە، بەو پێیەی کیشوەرەکە تاڕادەیەکی زۆر هاوردەکردنی وزەی رووسیای کەمکردووەتەوە.
گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان تێچووی گواستنەوە زیاد دەکات، دواکەوتنیشی رەنگە کورتهێنان لە بازاڕدا دروست بکات.