پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد گرنگترین بابەتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بوو

20-01-2024
نیشانەکردن ژیریی ده‌ستكرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد لە چەند ساڵی رابردوودا، شارەزایان و سەرکردەکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
 
ئیان برێمەر، شرۆڤەکاری سەر بە گرووپی (ئۆراسیا) دەڵێت، لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس گرنگترین بابەت کە باس کرا، ژیریی دەستکردبوو. 
 
برێمەر دەڵێت، " گرینگترین بابەت کە لێرە لەلایەن زۆربەی شاندەکان باس کرا، ئەوە بوو کە ژیریی دەستکرد بۆ چ شوێنێک دەمانبات؟ هەموو رێکخراوێک و هەموو حکومەتێکی گرنگ پێیوایە دەبێت کەڵک لە ژیریی دەستکرد وەربگرن و بەکاریبهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ژیریی دەستکرد بە خێرایی گەشەبکات."
 
پێشبینیکراوە ئەم ساڵ بەبڕی 305 ملیار دۆلار لە ژیریی دەستکرد وەبەرهێنان بکرێت و تاوەکو ساڵی 2030 قەبارەی وەبەرهێنانەکان لەو بوارەدا بەرزبێتەوە بۆ 740 ملیار دۆلار.
 
نیگەرانی هەیە لەسەر جۆرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد بە ناوی (ژیریی دەستکردی گشتی) کە توانای هەیە وەک مرۆڤ بیربکاتەوە و خۆی فێربکات و بریاربدات. بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکردی گشتی، یەکێکە لە ئامانجەکانی کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی وەکو ( ئۆپێن ئەی ئای)، ( دیپ مایند) و ( ئانسرۆپیک).
 
تواناکانی ژیریی دەستکردی گشتی، هێندە پێشکەوتووە کە دەتوانێت بەسەر ژیریی مرۆڤدا سەرکەوێت و مەترسی بۆ دروستبکات. شارەزایانی ئەو بوارە، ناکۆکن لەسەر ئەو کاتەی کە مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ئەو ئاستە لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا کە ژیریی دەستکردی گشتی دروستبکات. هەندێ لە شارەزایان پێیانوایە تەنیا چەند ساڵێک ماوە و هەندێکیش دەڵێت، دەیان ساڵ پێویستە بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە ئەو ئاستە لە تەکنۆلۆجیا.
 
سام ئاڵتمان، بەڕێوبەری جێبەجێکای کۆمپانیای (ئۆپێن ئەی ئای) و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی (چات جی پی تی) ساڵی رابردوو ئاماژەی بەوە دابوو کە کۆمپانیاکەی کار لەسەر ژیریی دەستکردی گشتی دەکات و هەندێ پێشکەوتنیشی لەو بارەیەوە بەدەستهێناوە.
 
ئاڵتمان لە یەکێک بوو لە بەشداربووان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس. رایگەیاند، ژیریی دەستکردی گشتی دەتوانێت ببێتە مایەی نیگەرانی. "هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جیهان لە (ژیریی دەستکردی گشتی) ئاستی دڵەراوکێی و ناکۆکییەکان زیاد دەبێت. هەر هەنگاوێک لەو بوارە بنێین، کاریگەرییەکانی 10 هێندە خێراتر دەبن، ئەمەش نیگەرانی زۆر دروستدەکات."
 
لە رۆژی 8ـی مانگی 12ـی ساڵی 2023، پەرلەمانی ئەوروپا وەک یەکەم هەنگاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد یەکەم یاسای لە ئاستی جیهاندا پەسندکرد کە رێگری لەو پێشکەوتنانەی ژیریی دەستکرد دەکات کە ئەگەری هەیە زیان بە کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی و ئابووری جیهان بگەیێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە