بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی جێگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی هێشتەوە و لە 14%دا جێگیری کرد. دوای بڕیارەکە یەک دۆلار بە 13.27 لیرە و یەک یۆرۆ بە 15.19 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکرا.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2022 بڕیاری دا بە جێگرکردنی سوودی بانکی بە رێژەی 14% .
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021 دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021 دا، سوودەکەی لە 17%ەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیرکرد.
دواتر لە 23ی ئەیلولی 2021 رێژەی سوودی بانکی لە 19% بۆ 18% کەمکردەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021، رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ەوە بۆ 15% کەمکرایەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15% ـەوە بۆ 14% کەمکردبووەوە.