بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی کەمکردەوە؛ چی بەسەر نرخی دۆلار و زێڕ دا دێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی چوارشەممە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی کەمکردەوە، بەڵام بەپێچەوانەی جارەکانی پێشوو، ئەمە تەنیا لە بەرژەوەندیی دۆلار شکایەوە.
 
بڕیارەکە و قسەکانی سەرۆکی بانکەکە، راستەوخۆ نرخی دۆلاری گەیاندە بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو. زێڕی بۆ نزمترین ئاستی مانگێکی رابردوو دابەزاند.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەک چاوەڕوان دەکرا، 0.25٪ سوودی بانکیی کەمکردەوە.
 
کاریگەریی پێچەوانەی بڕیارەکە لە ناڕوونی هەنگاوەکانی بانکەکەیە بۆ ساڵی داهاتوو. پێشتر چاوەڕوان دەکرا لە ساڵی 2025ـدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا 4 جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە، بەڵام بانکەکە رایگەیاند، رەنگە تەنیا دوو جار ئەو کارە بکەن.
 
راستەوخۆ دوای ئەوە پێنوێنی نرخی دۆلار گەیشتە 108.25 خاڵ. لەدوای تشرینی دووەمی 2022ـەوە، ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی دۆلارە.
 
پێنوێنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان دەپێورێت، کە بریتین لە؛ یۆرۆ، پاوەندی بەریتانی، یوانی چینی، یێنی ژاپۆنی، دۆلاری کەنەدی و کرۆنی سوێدی.
 
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار واتە گرانبوونی سەرجەم ئەو کاڵایانەی بە دراوی دیکە دەهێندرێن و مامەڵەیان پێوەدەکرێت، بەوپێیەی 54٪ـی بازرگانیی سەرجەم وڵاتانی جیهان بە دۆلارە.
 
ئاکسێڵ مێرک، بەڕێوەبەری بەشی وەبەرهێنان لە دامەزراوەی دارایی 'مێرک هارد کەرێنسی' دەڵێت، "پێموایە یەک جاری دیکە رێژەی سوود کەمدەکرێتەوە لە ساڵی داهاتوو، ئەوەش کەمترە لە پێشتر. بۆیە بازاڕ ئەمەی وەک هەڵوێستێکی تووند وەرگرت بەوەی بۆ دۆلار ئەرێنییە".
 
دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و قسەکانی پاوڵ، هەر ئۆنسەیەک زێڕ 60 دۆلار دابەزی و بە 2 هەزار و 588 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە نزمترین ئاستی نرخی زێڕ بوو لە مانگێکی رابردوودا.
 
هەرچەندە ئەمڕۆ زێڕ بەشێک لە زیانەکانی قەرەبووکردەوە و گەیشتەوە 2 هەزار و 619 دۆلار، بەڵام ترس و نیگەرانییەکانی دابەزینی بەردەوامن.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "وا گونجاوە بەوریاییەوە بجوڵێنەوە و چاودێریی پێشڤەچوونەکانی [دابەزینی] هەڵاوسان بکەن".
 
رێژەی سوود چییە؟
 
رێژەی سوودی بانکی ئەو پارە زیادەیەیە کە بانک دەیخاتە سەر پارەکەت، ئینجا بە راکێشانی پارە بێت یان دانانی لە بانک. بە واتەیەکی دیکە، بەپێی ئەو رێژەی سوودەی لە هەر وڵاتێک هەیە، پارەکەت لە بانک پارەی دەچێتە سەر و راشیبکێشیت، لێت وەردەگیرێت.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم ساڵ سێ جار رێژەی سوودی کەمکردووەتەوە؛ 18ـی ئەیلوول بە رێژەی 0.50٪؛ 7ـی تشرینی دووەم بە رێژەی 0.25٪؛ 18ـی کانوونی یەکەم بە رێژەی 0.25٪. 
 
ئێستا رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا 4.50٪ـیە، واتە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی لە بەرامبەر دانانی هەر 100 دۆلارێک لە بانکەکانی وڵاتەکەی، 4.50 دۆلار زیادە وەردەگرێت و دەچێتە سەر پارەکەی.
 
لە بەرامبەریشدا ئەو رێژەیەی لێوەردەگیرێت لە بەرامبەر قەرز یان راکێشانی پارەکەی.
 
ئامانجی حکومەت و بانکی ناوەندی لەمەدا کۆنترۆڵکردنی خستنەڕووی دۆلارە. 
 
کاتێک رێژەی سوود کەمدەکرێتەوە، واتە راکێشانی زیاتری پارە و دانانی کەمتر. ئەمە واتە هاتنی دۆلاری زیاتر بۆ نێو بازاڕ و دابەزینی نرخەکەی. دابەزینی نرخی دۆلاریش واتە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
ئێستا کە چاوەڕوان دەکرێت رێژەی سوود لە ساڵی داهاتوو کەمتر لە ئاستی پێشبینییەکان و تەنیا دوو جار کەمبکرێتەوە، ئەمە لە دۆخێکی ئاساییدا بە ئەگەری زۆرەوە واتای مانەوەی دۆلارە لە ئاستێکی بەرز بۆ ماوەیەکی زیاتر.
 
ئەمە دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی زێڕ ئەگەر نرخەکەشی دانەبەزێت، بەڵام بەرزبوونەوەکەی خاو ببێتەوە.
 
لە بنەڕەتدا رێژەی سوود کاتێک زیاد دەکرێت، کە هەڵاوسان بەرز بێت.
 
لە ئاداری ساڵی رابردووە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە و، ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا.
 
هۆکارەکە ئەوە بوو؛ لە حوزەیرانی 2022ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1٪. ئەو کاتە رێژەکە بەرزترین ئاست بوو لە 40 ساڵی رابردوودا.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامانجیەتی رێژەی هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت. ئێستا رێژەی هەڵاوسان [2.7٪ـیە] نزیکە لە ئامانجەکەی، بەڵام خاوکردنەوەی سووڕی کەمکردنەوەی رێژەی سوود ئاماژەیەکە بەوەی هێشتا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دڵنیا نییە لە دابەزینی زیاتری هەڵاوسان، لانیکەم لە مەودای کورتخایەندا.
 
هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی لە ناڕوونییەکانی ساڵی داهاتوو، سیاسەتی ئابووری و داراییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە.
 
ترەمپ رایگەیاندووە کە دەیەوێت پێناسی گومرگی زیادبکات. ئەمە واتە ئەو کاڵایانەی دێنە ئەمریکا، بە تێچوویەکی گرانتر دەهێندرێنە ناوەوەی سنوورەکانی، ئەمەش واتە بە نرخێکی زیاتر دەگەنە دەست ئەمریکییەکان.
 
ئەمە وایکردووە ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دروست ببێتەوە. لە سیناریۆیەکی لەم جۆرەدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچار دەبێت کەمکردنەوەی رێژەی سوود خاوبکاتەوە، ئەگەر بەرزیشی نەکاتەوە. 
 
ئەمە دەکرێت دووبارە نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە؛ دژەکانیشی دابەزێنێت کە دیارترینیان زێڕە.
 
ئەگەری بەرزبوونەوەی زێڕ هەیە؟
 
بەشێک لە شارەزایانیش پێیانوایە، سەرەڕای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ناڕوونییەکانی ساڵی داهاتوو، بەڵام دابەزینەکەی زێڕ کاتی دەبێت. سەرەنجامیش ئەمریکا ناچارە بۆ خۆلادان لە کاریگەرییە گەورەکانی بەرزیی رێژەی سوود لەسەر وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی وڵاتەکە، رێژەی سوود زیاتر دابەزێنێت، کە ئەوەیان دۆلار دادەبەزێنێت و زێڕ بەرزدەکاتەوە.
 
لەبارەی کاریگەریی سیاسەتەکانی ترەمپیشەوە دەڵێن، راستە رەنگە سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندیی دۆلار و دژی زێڕ بن، بەڵام ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی و شەڕی بازرگانیی لەگەڵ چین، وا دەکات نرخی زێڕ بەرزتر ببێتەوە.
 
بەتایبەتیش کە ترەمپ لە ئێستاوە دەڵێت، پێناسی گومرگی بە رێژەی 10٪ بەسەر بەرهەمەکانی چیندا دەسەپێنێت.
 
جگە لەوەش، داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکییان دەبێت لە دیاریکردنی نرخی زێڕ و دۆلار و ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، چونکە جیرۆم پاوڵ گوتی، بەپێی داتا ئابوورییەکانی داهاتوو لە کۆبوونەوەکانیان بڕیار لەبارەی رێژەی سوود دەدەن.
 
دیارترینی ئەو داتایانەش، هەڵاوسان، رێژەی بێکاری و کۆی بەرهەمی نێوخۆییە.
 
داتاکانی ئەمریکا کاتێک لە بەرژەوەندیی زێڕ دەبن، کە ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاد بکەن. خاڵی سەرەکییش ئاماژەی کەمبوونەوە یان زیادبوونی خەرجییە.
 
هەر ئاماژە و داتایەک بۆ کەمبوونەوەی خەرجی واتە کەمبوونەوەی خواست، ئەوەش واتە دابەزینی هەڵاوسان. بە دابەزینی هەڵاوسانیش، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاتر دەبێت. ئەوەش زێڕ بەرزدەکاتەوە و دۆلار دادەبەزێنێت لە دۆخێکی ئاساییدا.