ئۆپێک پڵەس لە گەڕانەوەی ترەمپ نیگەرانە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نێو ئۆپێک پڵەس، هاوپەیمانیێتییەکە نیگەرانە لە ئەگەری زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە.
زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەکانی ئۆپێک پڵەس لە سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت و بەرزکردنەوەی نرخەکەی.
رۆژی 5ـی ئەم مانگە، ئۆپێک پڵەس کۆبووەوە و بڕیاری دا کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو نیسانی ساڵی داهاتوو درێژبکاتەوە.
ئۆپێک پڵەس بڕیاریشی دا زیادکردنی تەواوەتیی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دوابخات، ئەوەش بەهۆی لاوازیی خواست لەسەر نەوت و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە دەرەوەی گرووپەکە.
هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەش، زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتە لەلایەن بەشێکی وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، کە دیارترینیان ئەمریکایە.
سەرچاوەیەکی نێو ئۆپێک پڵەس دەڵێت، "پێموایە گەڕانەوەی ترەمپ هەواڵێکی خۆشە بۆ سێکتەری نەوت، چونکە سیاسەتە ژینگەیی کەمتر تووند دەگیرێتەبەر". دەشڵێت، "بەڵام رەنگە بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە زیادببێت، کە ئەوە شتێکە بۆ ئێمە باش نییە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەیەوێت بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە؛ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو نرخی وزە و هەڵاوسان کەمبکاتەوە.
ریچارد برۆنز، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی جیۆسیاسی لە دامەزراوەی 'ئینێرجی ئاسپێکتس" دەڵێت، "زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا ئاڵنگاریی گەورەی بۆ ئۆپێک دروستکردووە. ئەوەش هەژموونی گرووپەکەی کەمکردووەتەوە".
ئێستا ئۆپێک پڵەس بەکۆی گشتی 5 ملیۆن و 860 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمکردووەتەوە. چەندین جاریشە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دوادەخات.