کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ 90 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزکردەوە

19-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی کە لە هەرێمی کوردستان لە چەندین کێڵگەی نەوت پشکدارە رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەی تاوكێ و پێشابوور بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
 
لە "مۆڵەتی تاوکێ" دوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و کێڵگەی نەوتی پێشابوور هەن. لە کێڵگەی تاوکێ لە ساڵی 2007وە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە و لە ساڵی 2017 ـەشەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشابوور کراوە.
 
19-12-2023 کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خەمڵاندنەکانیان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی کۆتایی ئەم ساڵ لە رۆژانە 26 هەزار بەرمیلەوە بەرزبکەنەوە بۆ 65 هەزار بەرمیل.
 
دی ئێن ئۆ ئاشکرای کردووە "نەوتی بەرهەمهاتوو لە بازاری ناخۆ بە نزیکەی 30 دۆلار دەفرۆشن و پارەکەشی پێشەکی لە بازرگانانی ناوخۆ وەردەگیرێت."
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، "فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بتوانن خەرجییەکانیان بۆ راییکردنی کارەکانیان دابین بکەن." هەروەها دەڵێت "لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆڕییەوە، خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و ئێستا قەبارەی خەرجییەکانیان نزیکەی 65٪ کەمترە لە کاتی پێش وەستانی هەناردەکردنی نەوت."
 
بیژەن موسەور رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دوو کیڵگەکەیان خۆڕاگرن و کۆمپانیای دی ئێن ئۆش خۆی هەر کۆمپانیایەکی خۆڕاگرە."
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر بوونەتەوە، بەڵام هێشتا پابەندن بە پەرەپێدانی بازرگانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ئەو نەوتەی کە لە بازاری ناوخۆ دەفرۆشرێت نیو هێندەی نرخی ئەو نەوتەیە کە پێشتر هەناردە دەکرا.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە