هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 2023 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

19-12-2023
نیشانەکردن نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ توانی ئاستی 2033 دۆلار بشکێنێت و جارێکی دیکە بەرزببێتەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکان، ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر و هەر ئۆنسەیەکی بە 2023 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بازاڕی زێڕ، کاریگەریی دوو هۆکاری سەرەکیی لەسەرە؛ لەلایەکەوە چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندووە بەم زووانە بانکی ناوەندیی ئەمریکا روو ناکاتە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، کە بووەتە هۆکاری ئەوەی فشار لەسەر نرخی زێڕ دروستبێت، لەلایەکی دیکەشەوە، تەشەنەکردنی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بوونەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی زێڕ.
 
لەڕووی تەکنیکییەوە، بەپێی شرۆڤەکاران ئاراستەی نرخی زێڕ هێشتا بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەڵام ئەگەر فرۆشیاران بازاڕیان گرتەدەست، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ سەرەتا بۆ ئاستی 2000 و پاشان بۆ دەوروبەری 1986 دۆلار، لە ئارادایە.
 
بەپێچەوانەوە، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەگەری هەیە نرخی هەر ئۆنسەیەکی ئەو کاڵا ستراتیژییە هانبدات بەرەو 2040 تاوەکو 2050 دۆلار.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە