رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: لە ماوەی مانگێکدا نزیکەی 80 ملیار دینار لە داهاتی سلێمانی دیارنییە. دەشڵێت، "وێبسایتی شەفافیەت ئارەزوومەندانەیە و دەستکاریی ئامار و داتاکانی دەکرێت."
سەعید مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "هەر هەنگاوێک بۆ شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بنرێت ئێمە وەکو لیژنەی دەستپاکی 100%لەگەڵیداین، بەڵام ئەگەر کارێک تەنیا بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو یاخود گشتگیر نەبێت، ئێمە پشتگیریی ناکەین. هەقە کاک قوباد تاڵەبانی، وەکو جێگری سەرۆکوەزیران ئەم پێشنیازە لە ئەنجوومەنی وەزیران بکات کە وەکو حکومەت ئەو کارە بکرێت و من دڵنیام کە سەرۆکی حکومەت تامەزرۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و زیاتر شەفافکردنی هەموو داهاتی کوردستان."
سەعید مستەفا گوتی: "لە داهاتی هەرێمی کوردستان دوو کێشەی داهات هەن، کێشەی داهاتی سلێمانی و کێشەی داهاتی هەرێمی کوردستان بە گشتی. کە کێشە لە داهاتی سلێمانیدا هەیە، بۆچی ئێستا باسی ئەو کێشەیە دەکرێت؟ بۆ پێش چوار ساڵ باسنەدەکرا؟ ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر ئیدارەی سلێمانی هەیە، بمانەوێت یان نا، لە رووی داهاتەوە دوو ئیدارەمان هەن، پێمان خۆشبێت یان نا، داهاتی سلێمانی لە ژێر دەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە. باشە بۆچی ئێستا داهات دەخەڕوو، ئەمە لە ئەنجامی گوشارێکی زۆری خەڵکە."
سەعید مستەفا گوتیشی: "پێش ماوەیەک کاک بافڵ باسی ئەوەی کرد کە داهاتی سلێمانی زیادبووە، ئێستا بەپێی ئەو سایتەی کە دایانناوە، مانگی رابردوو داهاتی سلێمانی 141 ملیار دینارە، لەم مانگە تاوەکو ئێستا [19ی مانگ] 45 ملیار دینارە، ئەمە چ گۆڕانکارییەکی بەسەر هات؟ لە ماوەی مانگێک 80 ملیار دینار دیارنەمێنێت."
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان باسی وێبسایتی شەفافیەتی کرد کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانەوە دروستکراوە و گوتی، "ئەو وێبسایتەی دروستکراوە ئارەزوومەندانەیە، واتە دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان دەستکاریی ژمارەکان بکەن، گرنگ ئەوەیە، ئایا پارەیە لەو سایتە بڵاودەکرێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت؟ کێشەکە لێرەدایە. بە دڵنیاییەوە ناتوانم بڕوا بەو سایتە بکەم. ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچە 300 ملیار دینار بۆ سلێمانی دەنێرێت، پێویستە لانیکەم 60 ملیار دینار لە داهاتی سلێمانی بخرێتە سەر پارەی مووچە، ئێستا کە دابەشکردنی مووچە مانگێک لەدوایە، كێشەکە لەسەر داهاتی سلێمانی بووە، چونکە مانگ هەبووە لە داهاتی نێوخۆ پارەیان نەخستووەتە سەر مووچە."
لەبارەی داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانیشەوە گوتی: چەند جۆرێک داهات هەن، داهاتی نەوت، نێوخۆ (وەزارەتەکان و دەروازە سنوورییەکان)، من سەردانی هەموو دەروازەکانم کردووە و دەزانم داهاتیان چەندە، ئەگەر باشماخ بە نموونە وەربگرین، بە بەڕێوەبەری دەروازەکەم گوت، 'شەو کارەبا دەکوژێتەوە بۆ کاری قاچاخ'، ئەویش گوتی: "پێویست ناکات کارەبا بکوژێتەوە، پێماندەڵێن چاوتان دابخەن و چاوتان بکەنەوە." خۆ دیارە داهاتەکە بۆ کێ دەڕوات، بۆ چەند کەسێکی دیاریکراوە لە لایەنە سیاسییەکانی سنوورەکە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "داهاتی نێوخۆی سلێمانی (نانەوتی) لە 150 ملیار دینار زیاترە، لەو سنوورە حەوت بۆ هەشت دەروازەی سنووری فەرمی و نافەرمی هەن، ئەگەر لانیکەم هەر دەروازەیەی نزیکەی 10 ملیار دیناری بۆ دابنێین، دەکاتە نزیکەی 100 ملیار دینار، ئەمە بێجگە لە داهاتی وەزارەتەکان."
بە گوتەی سەعید مستەفا، "پێشمەرگە وەکو هەموو فەرمانبەرێکی دیکە مافی ئەوەی هەیە پاداشتی خانەنشینی وەربگرێت، بەڵام لێی بێبەشکراوە" و دەشڵێت: "لەگەڵ وەزیری دارایی قسەمان کردووە و ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و ئێستا سەرقاڵی بەدواداچوونی وردترین بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم گرفتە بکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ وەزیری دارایی لەبارەی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە. گوتیشی، "بەپێی بەدواداچوونی لیژنەی دەستپاکی، دەرکەوتووە پێشمەرگە لە هەندێک شت بێبەشکراوە، یەک لەوانە پاداشتی خانەنشینبوونە، کاتێک کە فەرمانبەرێک خانەنشین دەکرێت، مووچەی شەش مانگی بەیەکەوە پێدەدرێت، بەڵام ئەمە بۆ پێشمەرگە نەکراوە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە: "مانگانە حکومەت بڕەپارەیەک لە هەموو فەرمانبەرێک دەگێڕێتەوە بۆ سندووقی خانەنشینی، ئەو پارەیە لە پێشمەرگەش وەردەگیرێت، بەڵام لەکاتی خانەنشینبووندا ئەو وەکو فەرمانبەرانی دیکە مافی نادرێتێ. سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەمان کرد و ئەوانیش ئەو گلەییەیان لە وەزارەتی دارایی هەبوو."
سەعید مستەفا گوتیشی: "ئێستا مانگانە 300 ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ پاداشتی ئەو پێشمەرگانەی خانەنشین دەبن و وەزیری دارایی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ زیادکردنی ئەو بڕەپارەیە لەدوای بەدواداچوونەکەمان بۆ ئەوەی کێشەی پاداشتی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ