وەزیری دارایی عێراق بۆ رووداو: بەغدا و هەولێر لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک میدیاکاری عێراق کۆبووەوە، کە لەنێویاندا تۆڕی میدیایی رووداو هەیە و لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 رێککەوتوون.
محەممەد شێخ فاتیح، رۆژنامەڤانی ئابووریی رووداو کە وەک میدیاکارێک لە هەرێمی کوردستان لەنێو کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە، لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 پرسیاری لە وەزیری دارایی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، "کە ئەوان سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لەگەڵ کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن و داواکارییەکانی کوردیان خستووەتە نێو پرۆژەیاساکە و پرۆژەکەش رەوانەی پەرلەمان کراوە. ئێستا تەنیا لەسەر ئەوە ماوە کە پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاساکە پەسەند بکات."
وەزیری دارایی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتویەتی، کە دواتر وەزارەتی دارایی راگەیێندراوێک تایبەت بە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بڵاودەکاتەوە، بەشێوەیەک یەک دۆلاری ئەمریکی دەبێتە 1450 دیناری عێراقی، بانکی ناوەندیش بڕێکی دیکەشی دەخاتەسەر و بەپێی نرخە نوێکە دۆلار دەفرۆشێ، بۆیە رەنگە هەر دۆلارێک بە 1490 دینار بفرۆشێ.
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە کە "لە بودجەی 2021 دا دامەزراندن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت رادەگرین، هاوکات رەنگە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 هەفتەی داهاتوو بگاتە پەرلەمان، ئەو بودجە سەرەتای چاکسازییە، لە ئایندەشدا هەنگاوی دیکە دەنێین بۆ جێبەجێکردنی پەڕەی سپی تایبەت بە چاکسازی".

ئەمڕۆ شەممە 19-12-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆبووەوە و پەسەندکردن و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان دواخرا بۆ سبەی یەکشەممە.