رووداو دیجیتاڵ
چارەسەرکردنى مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەمى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەبەردەم تەیف سامى، وەزیرى دارایی فیدراڵە بۆ یەکلاکردنەوەى کورتهێنانى ئەو پارەیەى بۆ مووچە دروستبووە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، پێشنیازى چارەسەرى کورتهێنانى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خراوەتە بەردەست تەیف سامى، بۆ ئەوەى رەزامەندى بدات لەسەر گواستنەوەى پارە بۆ مووچە لە چوارچێوەى مووچەى بەکاربردن.
لە خشتەى بودجەى 2024، پشکى هەرێمى کوردستان بە 20.9 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لەوە 14.8 تریلیۆن دینارى بۆ بودجەى بەکاربردنە و لە چوارچێوەى ئەو بەشەدا 9.5 ترلیۆن دینارى بۆ مووچەیە.
رەزامەندى دەربڕینى وەزیرى دارایی فیدراڵ بۆ گواستنەوەکە بۆ ئەوەیە؛ کورتهێنانى پشکى پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکات بۆ ئەو مانگانەى ماون، کە لە دەسەڵاتى ئەو وەزیرەدایە.
بەگوێرەى بڕگەى یەک لە مادەى پێنجى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، وەزیرى دارایی دەسەڵاتى گواستنەوەى پارەى هەیە لەنێو ئەو بڕە پارەیەى لە بودجەدا دیاریکراوە لەسەر ئاستى دەروازە، بەش و ماددەکانى.
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینارى لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە بۆ نێردراوە، لە کاتێکدا بڕى 1.1 تریلیۆن دینار لە خشتەى بودجە دیاریکراوە، کە قەرزە و دەبێت لە پشکى هەرێمى کوردستان ببڕدرێت.
بەگوێرەی یاسای بودجەى گشتى، دەبێت هەرێمى کوردستان داهاتى ناوخۆ رادەست بکات وەک مەرجێک بۆ ناردنى پشکەکەى لە بودجەى گشتى دا، ئەمساڵ هەرێمی کوردستان بە پێنج گوژمە 399 ملیار و 166 ملیۆن دینارى رادەست کردووە، وەک 50%ـى داهاتى ناوخۆیى نانەوتى بۆ پێنج مانگ.
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو؛ پرۆسەى وردبینى لە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تاوەکو دوێنێ 18ـی تشرینى دووەم تەواو نەبووە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا بە رووداوى گوت "وردبینى ئەمجارە لە لیستى مووچە، گشتگیرترە لەوانەى پێشوو، جگە لەوەش لیستەکان لە 46 سیدى دان و بڕەکەى زۆرە و کاتى ویستووە."
بۆ مووچەى مانگێک، هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانەوە، ناردنى تەواوى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم لەلایەن بەغداوە پێویستى بە گواستنەوەى پارەیە کە بەشێکى کورتهێنانى دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ