نرخی ئۆنسەی زێڕ 80 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 2623 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-11-2024)ـی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
رۆژی دووشەممەش نرخی زێڕ بەڕێژەی 2٪ بەرزبووەوە، بەوپێیەش لە دوو رۆژی رابردوودا، واتا لەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ نزیکەی 80 دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی کاپیتاڵ دۆت کۆم لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نرخی زێڕ، هۆکاری تەکنیکی لەپشتەوەیە."
رۆدا پێیوایە بەهای دۆلار لە هەفتەی رابردوو لەرادە بەدەر بەرزبووەوە کە دابەزینی گەورەی نرخی زێڕی لێکەوتبووەوە. "ئێستاش کە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وەستاوە، نرخی کانزای زەرد دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتووە."
داتا ئابوورییە بەهێزەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا گومانیان دروستکردووە لەوەی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بتوانێت لە سیاسەتی نەختیی خۆی بەردەوام بێت و، سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا کەمبکاتەوە.
ئەم هەفتەیە چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بۆنەی جیاوازدا وتار پێشکێش دەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە ئاماژەی زیاتر دەدرکێنن سەبارەت بە داهاتووی سیاسەتی نەختی بانکەکە، کە ئەگەر هەیە کاریگەری لەسەر ئاراستەی نرخی زێڕ دابنێن.
بەپێی دوایین رووپێوییەکانی بازاڕەکان، 58٪ـی بازرگانانی زێڕ ئێستا پێیانوایە؛ بانکی ناوەندی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتوودا رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ کەمدەکاتەوە.