بەهای زێڕ جارێکی دیکە ئاستێکی مێژوویی تۆماردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، ئاستێکی دیکەی مێژووی تۆمارکرد و توانی 2700 دۆلار تێپەڕێنێت.

لە دوایین ساتەکانی داخستنی بازاڕەکان لە شەوی هەینی یەک ئۆنسە زێڕ بە 2721 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەپێی شرۆڤەکاران بۆ ناڕوونییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و بانکە ناوەندییەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 ی ئەم ساڵ بەسەرووی 2730 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەلێکسەندەر زۆمفی، بازرگانی زێڕ لە کۆمپانیای هێرایوس مێتاڵ لە ئەڵمانیا لەوبارەیەوە رایگەیاند: "دوای کوشتنی سنوار، حەماس رایگەیاند بەردەوام دەبێت لە شەڕ لە دژی ئیسرائیل".
 
ئەو بازرگانە دەڵێت: "زێڕ پەناگەیەکی ئارامیی وەبەرهێنانە و لە دوای لێدوانەکەی حەماس، وەبەرهێنەران بە لێشاو روویان لە کڕینی زێڕ کردووە و هۆکاربوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی."
 
زۆمفی باسی لەوەشکردووە کە "ناڕوونییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئەگەری دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن."
 
نرخی زێڕ لەم ساڵدا بەڕێژەی 30٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
ئەمە باشترین و زیاترین بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە لە دوای ساڵی 1979 ـوە.
 
بەپێی پێشبینیی ناوەندە داراییەکان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دووبارە رێژەی سوودی بانکی لە مانگی 11 دا دادەبەزینێت.
 
هەروەها پێشبینیکراوە، بانکی ناوەندی ئەورووپاش لە کۆبوونەوەی مانگی 12 دا جارێکی دیکە سوودی بانکی دابەزێنێت.
 
دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاسانتر مامەڵە بە زێڕەوە بکرێت و پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.