بەهای زێڕ کەمێک دابەزی؛ ئۆنسەیەکی بە 1945 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ بەهای زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مانگی رابردووی، ئەمڕۆ کەمێک دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1945 دۆلارە.
 
رۆژی چوارشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 1963 دۆلاری تێپەڕاند و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان بۆ 1945 دۆلار دابەزی.
 
سەختتربوونی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە، بەوپێیەی وەبەرهێنەران لە کاتی نادڵنیایی و بێ متمانەیی بە بازاڕەکان، روو لە کڕینی زێڕ دەکەن.
 
دۆخەکە بازرگانانی نیگەران کردووە لەوەی شەڕەکە گەورەتر بێت و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئێرانیشی تێبکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاژێر 03:30ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-10-2023) چەندین ئاماری پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بە کاتی هەولێر بڵاودەبنەوە، کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.
 
لە ئامارەکان گرنگتر، وتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکایە (کاژێر 07:00ـی ئەم ئێوارەیە بە کاتی هەولێر) پێشکێشی دەکات، لەبەرئەوەی باس لە سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندی دەکات، بۆیە وتارەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر بازاڕی زێر دادەنێت.
 
ئەگەر سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا ئاماژە بە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە بدات، ئەوا ئەگەر هەیە نرخی زێڕ نەتوانێت لە ئاستەکانی ئێستای زیاتر بەرزببێتەوە.

 

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سەندیکای زێڕنگرانەوە دانراوە، ئەمڕۆ (19-10-2023) بەمشێوەیەیە:
 
یەک ئۆنسە بە 1948 دۆلارە، کە 100 دۆلار  بە 159 هەزار و 900 دینار هەژمارکراوە. 
 
نرخی فرۆشتن:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 515 هەزار دینارە  
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 475 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 455 هەزار دینارە 
مسقاڵێک زێڕعەیار 18 بە 395 هەزار دینارە