عێراق چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ 2014 خەرج دەکات

19-10-2022
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند، عێراق چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2014 خەرج کردووە.
 
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-10-2022، حکومەتی عێراق بڕی 37 ملیار و 76 ملیۆن دیناری چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2014  خەرج کردووە.
 
بەگوتەی فارس عیسا، حکومەتی عێراق چەکەکەی ناردووەتە لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر و دەست بە دابەشکردنی  دەکرێت.
 
رۆژی 8-6-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 273 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و دەنگی بە پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دا. 
 
لە چوارچێوەی پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، شەش ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی دیاریکرا کە پێنج تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشەخۆراک و کڕینی گەنم و برنج و 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران دیاری کرا. 
 
لەو چوارچێوەیەدا 308 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015، 2016 دیاریکرا. 
 
پێشنیازەیاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دوای بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق دێت کە تێیدا یەکلایی کردەوە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق ناتوانێت پڕۆژەبودجەی ساڵی 2022 رەوانەی پەرلەمان بکات و دەبێت حکومەتی نوێ ئەو کارە بکات، بۆیە ئەم پڕۆژەیە پێشکێشکرا.
 
لە ماددەی یەکەمی پێشنیازەیاساکەدا وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکراوە بە دروستکردنی هەژمارێکی بانکی بە ناوی "پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان و پارەدارکردنە داراییەکان و کەمکردنەوەی هەژاری".
 
ماددەی دووەمی یاساکە بڕی ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی پێشنیازەیاساکەدا هاتووە دیاریکردووە کە 25 تریلیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە