سۆیا.. ئەو دانەوێڵەیەی رەنگە لە هەڵبژاردن فریای ترەمپ بکەوێت

19-10-2020
سۆران عومەر
نیشانەکردن دۆناڵد ترەمپ سۆیا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا چین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەی سۆیای ئەمریکی بۆ چین، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لەو جووتیارانەی سۆیا بەرهەمدێنن، دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بدەن.
 
جووتیارانی ئەمریکا ساڵانە بە ملیۆنان تۆن سۆیا بەرهەمدێنن، کڕیاری سەرەکیی سۆیاکەش چینە، بەڵام بەهۆی شەڕی بازرگانیی چین و ئەمریکا، هاوردەکردنی سۆیا بۆ چین راگیرابوو.
 
ئێستا چین بڕیاریداوە دەست بکاتەوە بە کڕینی سۆیای ئەمریکی، ئەمەش دوای هەوڵێکی زۆری ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت، کە وایکرد چین رازی بێت دەست بە کڕینی سۆیای ئەمریکی بکاتەوە.
 
ئایوا یەکێکە لە ویلایەتە یەکلاکەرەوکان و کێبڕکێی بایدن و ترەمپ لەوێ زۆر گەرمە. ئێستاش بە هەوڵی ئیدارەی ترەمپ، کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سۆیا لەو ویلایەتە کڕیاریان بۆ دروست بووە، هەرچەندە هێشتا نەگەڕاوەتەوە دۆخی پێش شەڕی بازرگانیی ئەمریکا و چین.
 
شەڕە بازرگانییەکەی ترەمپ لەگەڵ چین زیانی گەورەی بە جووتیارەکان گەیاندبوو، بەڵام چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن ترەمپ دەستیکردبوو بە هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی چین. ئێستاش چین بڕیاریداوە سۆیای ئەمریکی بکڕێت. میدیاکانی ئەمریکاش دەڵێن سۆیا دەبێتە هاوکارێکی گرنگ بۆ ترەمپ بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا دەنگی ئەو ویلایەتانە بباتەوە، کە خاوەنی بەرهەمی سۆیان، بەتایبەت ئایوا.
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەمریکا پارەیەکی زۆری بۆ ئەو جووتیارانە خەرجکردووە کە سۆیا دەچێنن، لەوانەش پێدانی 23 ملیار قەرز بە جووتیارەکان کاتێک کە بەهۆی شەڕە بازرگانییەکەی ئەمریکا لەگەڵ چیندا زیانیان بەرکەوت، لە سەرەتای ئەمساڵیش 10 ملیار دۆلاری دیکەی تەرخانکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە.
 
لە مانگی ئابدا چین بایی 11 ملیار سۆیای ئەمریکی کڕیوە، کڕینی ئەو بەرهەمەی ئەمریکاش بەردەوام دەبێت و چین بڕیاریداوە تاوەکو ساڵی داهاتوو، بایی 36 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار سۆیا لە ئەمریکا بکڕێت. 
 
ئایوا بە یەکێک لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنرێت. بەپێی دوایین راپرسیش کە لە 11ی ئەم مانگە کراوە، بایدن و  ترەمپ لەو ویلایەتە هاوتان و هەریەکەیان 49%ی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکەیان بەدەستهێناوە، بۆیە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ  دۆزینەوەی کڕیار بۆ بەرهەمی سۆیا، دەکرێت بە قازانجی ئەو بشکێتەوە و دەنگی دەنگدەرانی ویلایەتەکە بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە.
 
بەرهەمی سۆیا یەکێکە لە بەرهەمە گرنگە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا، جووتیارانی ئەو وڵاتە ساڵانە 25 ملیۆن تۆن سۆیا بەرهەمدێنن، کە 30٪ی لەلایەن جووتیارانی ویلایەتەکانی ئیلینۆیز و ئایوا بەرهەمدێت.
 
.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.